چاودێر پێویستی بە ژیرییەکی بێوێنە نییە تا لەو حاڵەتە هێستریاییە تێبگات کە "فەیسەڵ قاسم" دەگرێتەوە هەر کاتێک ناوی "کورد" دەهێنرێت. ئێمە لێرەدا تەنها لەبەردەم ڕاگەیاندنکارێکدا نین، بەڵکو لەبەردەم حاڵەتێکی چارەسەرنەکراوی شۆڤێنیزمداین، کە دەیسەلمێنێت بەرنامەی "ئیتجاهول معاكس" (الاتجاه المعاكس) تەنها ئاوێنەیەکە بۆ دووفاقی و داڕمانێکی ئەخلاقیی قێزەون.
جێی گاڵتەجاڕییە، كه دەبینین فەیسەڵ قاسم کاتێک باس لە شۆڕش و ئازادی و شکاندنی کۆتوبەندی دکتاتۆریەتەکان دەکات، پۆشاکی "جیڤارای عەرەب" دەپۆشێت، بەڵام هەر کە بابەتەکە دەگاتە سەر گەلی کورد، بەرگی شۆڕشگێڕی دادەکەنێت و دەبێتە عەریفێکی هەواڵگریی ناو دەزگا سەرکوتکەرەکان. ئەم دژایەتییە ڕەهایە تەنها هەڵەیەکی سەرزارەکی نییە، بەڵکو "حەماقەتێکی" بونیادییە کە ڕێگری لێ دەکات تێبگات ئازادی پارچەپارچە ناکرێت؛ پشتگیری لە چەوساندنەوەی کورد دەکات بە بیانووی "ئاسایشی نەتەوەیی" یان "پاراستنی خاک"، هەر ئەو کەسەیە کە شەرعیەت دەدات بەو دکتاتۆریەتانەی کە گوایە خۆی دژایەتییان دەکات.
فەیسەڵ قاسم باس لە کام پاڵەوانێتی دەکات کاتێک چاو لە ڕاستییە حاشاهەڵنەگرەکانی مێژووی نزیک دەپۆشێت؟ لە ساڵی ٢٠١٤دا، کاتێک تیرۆری ڕەشی داعش ناوچەکەی لووش دا، بینیمان چۆن شار و گوندەکان بە تەواوی هەرەسیان هێنا، و چۆن زۆرکەس خاک و چەکیان جێهێشت و لەبەردەم جەلادەکانی ئەو ڕێکخراوە هەڵاتن. لەو ساتە چارەنووسسازەدا، هیچ هێزێک لە دژی ئەو تارییکییە نەوەستایەوە تەنها شەڕڤانی کورد (ژن و پیاو) نەبێت. کورد تەنها بەرگرییان لە ناوچەکانی خۆیان نەکرد، بەڵکو خوێنی خۆیان بەخشی بۆ پاراستنی خاکی عەرەبیش لە سووریا و عێراق؛ ئەو گوندە عەرەبانەیان لە گڵاوی تیرۆر پاککردەوە کە خاوەنەکانیان جێیان هێشتبوو و تەسلیمی واقیع ببوو.
ئای لەو پارادۆکسە تراژیدییە؛ کورد بەرگری لە دراوسێ عەرەبەکەی بکات و ماڵەکەی لە داعش ڕزگار بکات، کەچی پاداشتەکەی ئەمڕۆ خەنجەری ناپاکی بێت لە پشتەوە! ئەوانەی کورد خاکەکەی بۆ ئازاد کردن، ئەمڕۆ لەژێر ئاڵای گروپە چەتەکاندا بە ناوی "سوپای سوری" دێن بۆ شەڕی کورد و داگیرکردنی شارەکانیان، و گەمارۆ دەخەنە سەر شارە کوردییەکانی وەک کۆبانی کە چەندین ڕۆژە بەدەست دۆخێکی مرۆیی جەرگبڕەوە دەناڵێنێت و بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی پێنج منداڵ لە سەرمادا.
ئەم ڕقە ئەستوورەیە کە دەبێتە سووتەمەنی بۆ تاوانی بەکرێگیراوان لەسەر زەوی؛ لە فڕێدانی تەرمی پاکی شەڕڤانی ژن لەسەر باڵەخانەکانەوە، تا دەگاتە تاوانی بڕینی کەزییە پیرۆزەکانی شەڕڤانێکی کورد و بە "تاوانبار" ناساندنی بەوپەڕی بێشەرمییەوە. ئەمە تەنها هەوڵێکی بێهودەیە بۆ شکاندنی ئیرادەی نەتەوەیەک کە کەرامەتی ژن بە پیرۆز دەزانێت. بێدەنگیی قاسم لە ئاست ئەم تاوانانە، بەڵکو شەرعیەتدان پێیان، دەیکاتە شەریکێکی مەعنەوی لە هەر دڵۆپە خوێنێک کە دەڕژێت.
پێداگریی فەیسەڵ قاسم لەسەر وێناکردنی کورد وەک "کەلووی شەترەنج" (پێداک)، خۆگێلکردنێکی ئەنقەستە. لەبەردەم ئەم داڕمانە ئەخلاقییەی کە ساڵانێکە تێی چوووە، دەمەوێت وتەکەی شێکسپیری بیر بخەمەوە: "مافی خۆتە وەک سەگ بژیت، بەڵام مافی ئەوەت نییە بە وەڕینەکەت بێزارمان بکەیت."
کورد ئەمڕۆ، بە خوێنی شەڕڤانە پۆڵاینەکانی کە خاکی پێ ئاودرا، قۆناغی وەڵامدانەوەی کەسانی بچووکی تێپەڕاندووە. با فەیسەڵ قاسم بەردەوام بێت لە وەڕین، چونکە مێژوو ناوی ئەو کەسانە دەنووسێتەوە کە لە دژی داعش وەستان و خاکیان پاراست، نەک ئەو مەهرەجانبازانەی قسە بەو لایەنە دەفرۆشن کە پارەی زیاتریان پێ دەدات.
لە کاتی جەنگدا، کورد ئەو تاشەبەردەیە کە مەحاڵەکانی لەسەر تێکدەشکێت؛ شەڕڤانێکە ئاوڕ بۆ دواوە ناداتەوە و جێگیریی خۆی لە ڕەگی چیاکانیەوە وەردەگرێت. ئەوان تەنها هەڵگری چەک نین، بەڵکو عەقیدەیەکی جەنگاوەری زیندوون؛ بە سنگی ڕووتەوە ڕووبەڕووی دڕندەترین ئامێری کوشتن بوونەوە و بە جیهانیان سەلماند کە ئیرادەی ئازادی لە دەنگی گوللە بەهێزترە.
بەڵام لە کاتی ئاشتیدا، کورد پاسەوانی جوانی و بنیادنەری ژیانە؛ دەستی توندی سەر پەلەپیتکەی تفەنگ، دەگۆڕێت بۆ دەستێکی میهرەبان کە خاک دەچێنێت و شارەکان ئاوەدان دەکاتەوە. ئەوان خاوەن کەرەمێکی بێپایان و نەرموونیانییەکن کە دڵان ڕاو دەکات، و خاوەنی بەها مرۆییەکانن کە ڕێز لەوانی تر دەگرن و دەرگاکان بۆ ئاشتی دەخەنە سەرپشت. ئەوان بە کورت و پوخت: لە کاتی حەقدا وەک لووتکەی چیاکان سەخت و سەرکێشن، و لە کاتی ئاشتیدا وەک شەماڵی دۆڵەکان ئارام و پڕ ئۆقرەن.
