هونەرمەند و ئەكتەرێكی دیاری سووری (هودا شەعراوی) كە لە درامای (باب الحارة) یەكێك لە رۆلە سەرەكییەكانی گێڕابوو، ئەمڕۆ پێنجشەممە بە كوژراوی لەنێو ماڵەكەی خۆیدا لە دیمەشقی پایتەختی سووریا دۆزرایەوە.
میدیاكانی سووریا بڵاویان كردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە هودا شەعراوی بە كوژراوی لەنێو ماڵەكەی لە دیمەشقی دۆزراوەتەوە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتاییەكان، هودا شەعڕاوی بە دەستی خزمەتكاری ماڵەكەی كوژراوە، دوای ئەنجامدانی تاوانەكەش ئەو خزمەتكارە بۆ شوێنێكی نادیار هەڵهاتووە و تا ئێستا دەستگیر نەكراوە.
هودا شەعراوی یەكێكە لە هونەرمەندە هەرە دیارەكانی سووریا و وڵاتانی عەرەبی، پێشتر لە چەندان فیلم و دراما رۆلی سەرەكی گێڕاوە، بەتایبەت لە درامای (باب الحارة) كە رۆلی دایكی زەكی بینی بوو.
