سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان راگەیاندووە، "وردبینی دەستیپێکردووە و لەماوەی چەند رۆژێکدا تەواو دەبێت، ئێستا کار لە ئامادەکردنی تەرازووی پێداچونەوە (میزان موراجەعە)ی مانگی یەک دەکەین و بە ئەگەری زۆرەوە هەفتەی داهاتوو ئامادە دەبێت".
ماوەی دوو ڕۆژە تیمی تەکنیکیی وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان، لیستی مووچەی بردووەتە بەغدا و رادەستی وەزارەتی دارایی عێراق کراوە، لە فەرمانگەی ژمێریاریی وەزارەتی دارایی حکومەتی فیدراڵی وردبینی بۆ دەکرێت.
لە عێراق دابەشكردنی مووچەی مانگی یەک بەر لە هەفتەیەک دەستیپێكردووە، بەڵام تائێستا تەنیا مووچەی دەزگا سەربازی و بەشێكی دەزگا ئەمنییەكان دابەشكراون، دواكەوتنی مووچە لە عێراق پەیوەندی هەیە بە ئەنجامدانی چەند رێكارێكی دارایی و كارگێڕی و تەواوكردنی قۆناغی كۆتایی تۆماركردنی ناوی فەرمانبەران و خانەنشینانی نوێ لە سیستەمی پەیڕۆڵ.
