Apora Logo

سۆمۆ: ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بووە و هەوڵی درێژکردنەوەی دەدەین

سۆمۆ: ڕێککەوتن لەگەڵ هەرێمی کوردستان سەرکەوتوو بووە و هەوڵی درێژکردنەوەی دەدەین

ئاپۆڕا نیوز - بەشی هەواڵ

29/1/2026

کۆمپانیای نیشتمانیی بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) ڕایگەیاند، دەرگایان واڵایە بۆ گرێبەست لەگەڵ خاوەن پاڵاوگەکان لە هەر شوێنێکی جیهان بن، هاوکات جەختی لەسەر سەرکەوتنی ڕێککەوتنە نەوتییەکەی نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان کردەوە.

عەلی نزار شەتر، بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای "سۆمۆ" لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو ڕێککەوتنە مێژووییەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی کۆمپانیا نیشتمانییەکەوە واژۆ کراوە، "سەرکەوتوو" بووە. ئاماژەی بەوەش کرد بەهۆی ئەو سەرکەوتنەوە، حکومەت بڕیاری داوە ڕێککەوتنەکە تا کۆتایی مانگی ئازار درێژ بکاتەوە.

بەڕێوەبەری سۆمۆ وتیشی: "هەموو لایەنەکان کار بۆ سەرخستن و درێژکردنەوەی ئەم ڕێککەوتنە دەکەن، چونکە توانیویەتی داهاتی زیادە بۆ وڵات دابین بکات و پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت بە شێوەیەکی فەرمی و لە ڕێگەی تەنها یەک لایەنی نیشتمانییەوە ڕێک بخاتەوە."

سەبارەت بە سیاسەتی فرۆشتنی نەوت، عەلی نزار ئاشکرای کرد سۆمۆ لە بازاڕە جیهانییەکاندا بەدوای کڕیاری جێگیر و خاوەن پاڵاوگە رەسەنەکاندا دەگەڕێت. وتیشی: "ئێمە وەک کۆمپانیا پێویستە لە مامەڵەکردن لەگەڵ کڕیارەکانماندا نەرم و نیان بین، چونکە نەوتی خاوی عێراق دەچێتە ناو پاڵاوگەکانی هەموو جیهان."

بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە دوو ئامانجی سەرەکیی سۆمۆی دیاری کرد:

١- فرۆشتنی تەواوی ئەو بڕە نەوتەی بۆ هەناردەکردن تەرخان کراوە.

٢- بەدەستهێنانی بەرزترین ئاستی داهات بۆ بودجەی گشتیی وڵات.

شەتر باسی لەوەش کرد کە کۆمپانیاکەیان زیاتر جەخت لەسەر ئەو بازاڕانە دەکاتەوە کە خواست لەسەر نەوت تێیاندا لە گەشەکردندایە، بەڵام ئەمە بەو مانایە نییە کە پێگەی نەوتی عێراق لە بازاڕەکانی دیکەدا پشتگوێ بخەن. جەختیشی کردەوە کە تەنانەت لە کاتی دابەزینی گەشەی ئابووریشدا، سۆمۆ دەتوانێت کێبڕکێ بکات و نەوتەکەی بەو جۆرە بخاتە ڕوو کە کڕیاران و پاڵاوگەکان بەپێی خواستی خۆیان بەکاریبهێنن.


;