Apora Logo

نوری مالکی: دەستوەردانی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی عێراق ڕەتدەکەینەوە

نوری مالکی: دەستوەردانی ئەمریکا لە کاروباری ناوخۆی عێراق ڕەتدەکەینەوە

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

28/1/2026

سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، ڕەخنەی توند لە دەستێوەردانەکانی ئەمریکا دەگرێت لە پرۆسەی سیاسی عێراق و جەخت لەسەر پاراستنی سەروەریی وڵات و پابەندبوون بە بڕیارە دەستوورییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی دەکاتەوە بۆ دیاریکردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران.


نوری مالکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە لێدوانێکی نوێدا ڕایگەیاند: "ئێمە بە توندی ڕەتی دەکەینەوە و دژی دەستێوەردانی ئاشکرای ئەمریکاین لە کاروباری ناوخۆی عێراق، و بە پێشێلکردنی سەروەریی وڵات و پێچەوانەی سیستەمی دیموکراسی دەزانین کە لە دوای ساڵی 2003 لە عێراقدا پەیڕەو دەکرێت."


مالکی ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەم دەستێوەردانانە بە دەستدرێژی بۆ سەر بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی (ئیتاڕ تەنسيقی) دادەنرێت بۆ هەڵبژاردنی کاندیدەکەی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران و وتی: "زمانی گفتوگۆ لە نێوان دەوڵەتاندا تەنها بژاردەی سیاسییە بۆ مامەڵەکردن، نەک پەنابردن بۆ زمانی سەپاندن و هەڕەشەکردن."


لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، نوری مالکی جەختی لە بەردەوامی هەڵوێستەکانی کردەوە و ڕایگەیاند: "لە سۆنگەی ڕێزگرتنم بۆ ئیرادەی نیشتمانی و بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی کە دەستووری عێراق گەرەنتی کردووە، بەردەوام دەبم لە کارکردن تا دەگەینە کۆتایی، بەو شێوەیەی کە بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق دەستەبەر بکات."




;