Apora Logo

گۆڕانکاریی گەورە لە سیستەمی بەشەخۆراک؛ وەزارەتی بازرگانی بڕیارێکی نوێ دەدات

گۆڕانکاریی گەورە لە سیستەمی بەشەخۆراک؛ وەزارەتی بازرگانی بڕیارێکی نوێ دەدات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

28/1/2026

وەزارەتی بازرگانی عێراق ئامادەکارییەکانی بۆ مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەستپێکردووە و پلانی هەیە گۆڕانکاریی ڕیشەیی لە پرۆسەی دابەشکردنی بەشەخۆراکدا بکات. ئەم هەنگاوە دوای ئەوە دێت کە وەزارەت دەیەوێت کۆنترۆڵی زیاتری نرخ و کوالێتی بکات و دەستی بریکارەکان لە وەرگرتنی پارەی کاش کەم بکاتەوە.


لما موسەوی، بەڕێوەبەری کۆمپانیای گشتیی بازرگانیی خۆراک ڕایگەیاند: "پێش هاتنی مانگی ڕەمەزان، بڕ و جۆری بابەتەکانی بەشەخۆراک زیاد دەکرێن و بەسەر هاوڵاتییاندا دابەش دەکرێن." ئەم بڕیارە وەک پاڵپشتییەک بۆ خێزانەکان لەو مانگەدا و ڕێگریکردن لە بەرزبوونەوەی نرخ لە بازاڕەکاندا دەبینرێت.


ئاماژەی بەوەشدا، وەزارەت سەرقاڵی تاوتوێکردنی پێشنیازێکی نوێیە بۆ گۆڕینی شێوازی گەیاندنی خۆراک بە هاوڵاتییان، ئەویش لە ڕێگەی دروستکردنی کۆمەڵەی هەرەوەزی لە بەغدا و پارێزگاکان، بۆ ئەوەی خۆراک بەپێی ژمارەی دانیشتووان دابەش بکرێت، یاخود لە ڕێگەی (هایپەرمارکێت)ـەکانی سەر بە وەزارەت و لە چوارچێوەی سیستمێکی توندوتۆڵی دەوڵەتی دابەش دەکرێن.


ئەم پلانە نوێیانەی وەزارەت لە کاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو بریکارەکانی خۆراک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا ناڕەزایەتییەکان دژی دوو بڕیاری سەرەکی بوون:


- ​بەرزکردنەوەی ڕسووماتی وەرگیراو لە هەر کەسێک لە 500 دینارەوە بۆ 1000 دینار.


- ​گۆڕینی سیستەمی وەرگرتنی پارە بۆ ئەلیکترۆنی و قەدەغەکردنی وەرگرتنی پارەی کاش.


موسەوی ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم گۆڕانکارییە دەبێتە هۆی پاراستنی سامانی گشتی و کەمکردنەوەی ئەو خەرجییانەی کە ئێستا لە پرۆسەی دابەشکردن لە ڕێگەی بریکارەکانەوە دەچێت. بەڵام جەختی کردەوە کە "تا کاتی یەکلاییکردنەوەی ئەم پێشنیازە، دابەشکردنی خۆراک بە هەمان شێوازی ئێستا بەردەوام دەبێت."



;