Apora Logo

بەهۆی کەمیی نەختینەوە، مووچەی زۆربەی وەزارەتەکان لە عێراق دواکەوتووە

بەهۆی کەمیی نەختینەوە، مووچەی زۆربەی وەزارەتەکان لە عێراق دواکەوتووە

ئاپۆڕانیوز - بەشی ئابووری

28/1/2026

سەرچاوەیەکی ئاگادار ڕایگەیاند، تاوەکو ئەمڕۆ چوارشەممە، زۆربەی وەزارەت و دامەزراوەکانی عێراق مووچەیان وەرنەگرتووە، ئەمەش بەهۆی کێشەی کەمیی "نەختینەی دارایی" لە بانکە حکومییەکاندا.


سەرچاوەکە بۆ ئاژانسە هەواڵییەکان ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای ئەوەی وەزارەتی دارایی داوای لە وەزارەتەکان کردووە لیست و خشتەی مووچەکانیان بنێرن، بەڵام تاوەکو ئێستا پرۆسەی تەمویلکردن بە تەواوی جێبەجێ نەکراوە. ئەمەش وایکردووە خەرجکردنی مووچە لە کاتی ئاسایی خۆی دوابکەوێت کە هەمیشە لە نێوان (20 بۆ 25)ی مانگدا بووە.


بەپێی زانیاری سەرچاوەیەک هۆکارە سەرەکییەکانی دواکەوتنی مووچە دەگەڕێتەوە بۆ کەمیی پارەی کاش لە بانکە حکومییەکان، بەتایبەت (ڕافیدەین و ڕەشید)، بەدەست کەمیی نەختینەی کاشەوە دەناڵێنن و ناتوانن بە ئاسانی بڕی پێویست بۆ مووچە دابین بکەن.


هاوکات گەڕاندنەوەی لیستەکان، وەزارەتی دارایی لیستی مووچەی چەند وەزارەتێک و مامۆستایانی زانکۆی گەڕاندووەتەوە بە مەبەستی جێبەجێکردنی بڕیاری بەرزکردنەوەی "دەرماڵەی خزمەتی زانکۆ"، ئەمەش بووەتە هۆی دواکەوتنی زیاتر.


دواکەوتنی مووچە تاوەکو 28ی مانگ، شەپۆلێکی نیگەرانی و ناڕەزایەتی لەناو فەرمانبەراندا دروستکردووە. سەرچاوەکان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر چارەسەرێکی بەپەلە بۆ کەمیی نەختینە نەدۆزرێتەوە، ڕەنگە دابەشکردنی مووچە بکەوێتە مانگی داهاتووەوە، ئەمەش باری دارایی فەرمانبەران زیاتر قورس دەکات.

;