سیناتۆر لیندزی گراهام رایگەیاند، کە کۆنگرێس رێگری لە هەر هەوڵێک دەکات دژی کورد بێت و ئاماژەی بەوەش کرد کە هەوڵەکانی ترەمپ بۆ سەقامگیرکردنی سووریا بەرهەمیان هەبووە. هاوکات ترەمپ و ئەحمەد شەرع لەسەر تێکەڵکردنی هەسەدە لە سوپای سووریا گفتوگۆیان کرد.
لیندزی گراهام، سیناتۆری کۆمارییەکان، لە زنجیرە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وردەکاری گفتوگۆکانی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ و مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوە، ئاشکرا کرد.
گراهام جەختی لەوە کردەوە کە واشنتن رێگە بە خوێنڕێژی نوێ لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا نادات و گوتی: "کۆنگرێس ئامادەیە رووبەڕووی ئەو لایەنە هەرێمییانە ببێتەوە کە دژی هاوپەیمانە جێی متمانەکان وەک کورد دەجووڵێنەوە."
ئەو سیناتۆرە نزیکەی لە ترەمپ، داوای لە وڵاتانی ناوچەکە کرد پشتیوانی پەیامی ئاشتی بن. ئاماژەی بەوەش کرد کە سعودیە بەهۆی پێگە تایبەتەکەیەوە، دەتوانێت کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر حکومەتی نوێی سووریا هەبێت بۆ چەسپاندنی سەقامگیری.
لە لایەکی دیکەوە بەپێی راگەیێندراوی سەرۆکایەتیی سووریا، ئەحمەد شەرع (سەرۆکی کاتی) و دۆناڵد ترەمپ لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا چەند خاڵێکی ستراتیژییان تاوتوێ کردووە، بەپێی ڕاگەیەنراوەکە ترەمپ دەستخۆشی لە لێکتێگەیشتنەکان کردووە بۆ تێکەڵکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لەناو دامەزراوە سەربازییە فەرمییەکانی سووریادا.
هاوکات هەردوولا هاوڕابوون لەسەر رێگریی توند لە گەڕانەوەی تیرۆر. لای خۆیەوە ترەمپ ئامادەیی واشنتنی بۆ پاڵپشتی ئابووری دەربڕیوە و سووریایەکی سەقامگیری بە "بەردی بناخەی" ناوچەکە ناوبردووە.
لە کۆتایی لێدوانەکەشیدا، ترەمپ پێش گەشتەکەی بۆ ئایوا دڵخۆشی خۆی نیشاندا و گوتی: "گفتوگۆیەکی نایابمان لەگەڵ ئەحمەد شەرع هەبوو، هەموو شتێک لەو ناوچەیە زۆر بە باشی دەڕوات."
