Apora Logo

ترەمپ: کەشتیگەلێکی جەنگیی "ناوازە" بەرەو ئێران لە ڕێدایە و تاران داوای ڕێککەوتن دەکات

ترەمپ: کەشتیگەلێکی جەنگیی "ناوازە" بەرەو ئێران لە ڕێدایە و تاران داوای ڕێککەوتن دەکات

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

28/1/2026

دۆناڵد تڕەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئاشکرای کرد کە هێزێکی دەریایی نوێی وڵاتەکەی بەرەو کەناراوەکانی ئێران بەڕێوەیە. هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە تاران بەهۆی فشارەکانەوە خوازیاری گەیشتنە بە ڕێککەوتنێکی نوێ لەگەڵ واشنتۆن.


ترەمپ لە نوێترین لێدوانیدا ڕایگەیاند: "ئێستا کەشتیگەلێکی جەنگیی ناوازەی دیکەمان هەیە کە بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش بەرەو ئێران دەڕوات." ئاماژەی بەوەش کرد کە هێزی دەریایی ئەمریکا لە ناوچەکەدا ئێستا لە هەموو کاتێک گەورەترە و تەنانەت لەو هێزەش گەورەترە کە لە نزیک ڤەنزوێلا جێگیر کراوە.


سەرۆکی ئەمریکا پەردەی لەسەر زانیارییەکی هەستیار لادا و ڕایگەیاند: "لە مانگی حوزەیرانی ڕابردوودا، لە ڕێگەی ئۆپەراسیۆنی (Midnight Hammer)، توانیمان ژێرخانی ئەتۆمی ئێران تێکبشکێنین." ئاماژەی بەوەشدا، کە پێش ئەو هێرشە، ئێران تەنها یەک مانگ دوور بووە لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی.


بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "ئەکسۆس"، ترەمپ ئاماژەی بەوە کردووە کە ئێرانییەکان چەندین جار پەیوەندییان کردووە و دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن.


بەڵام مەرجەکانی ئەمریکا بۆ هەر ڕێککەوتنێک بریتین لە:

- نەهێشتنی یۆرانیۆمی پیتێنراو لەناو ئێراندا.

- ڕاگرتنی پەرەپێدانی موشەکی دوورهاوێژ.

- کۆتاییهێنان بە پاڵپشتیی گروپە میلیشیاکان لە ناوچەکەدا.

- قەدەغەکردنی هەمیشەیی پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆی وڵاتدا.


هاوکات لەگەڵ ئەم ئاڵۆزییانە، بنیامین نەتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، هۆشدارییەکی توندی دایە تاران و ڕایگەیاند: "ئەگەر ئێران هەڵەیەکی گەورە بکات و هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، وەڵامێکی وا توند دەدرێتەوە کە لە مێژووی خۆیدا وێنەی نەدیبێت."

;