ڕۆژی چوارشەممە، نرخی نەوتی خاو لە بازاڕەکانی جیهاندا ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد. ئەم هەڵکشانە دوای ئەوە هات کە زریانێکی بەهێزی زستانە بەرهەمهێنانی نەوتی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پەکخست و هاوکات نیگەرانییە جیۆپۆلیتیکییەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دووبارە سەریان هەڵدایەوە.
لە دواین مامەڵەکاندا، نرخی نەوت بەم شێوەیە تۆمار بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ڕێژەی 25 سەنت بەرزبووەوە و گەیشتە 67.91 دۆلار.
نەوتی تەکساسی ئەمریکی (WTI)، 26 سەنت چووە سەر نرخەکەی و بە 62.78 دۆلار مامەڵەی پێوەکرا.
شەپۆلی سەرما و زریانێکی توند لە کەناراوەکانی ئەمریکا بووەتە هۆی پەککەوتنی ژێرخانی وزە. شارەزایان مەزندە دەکەن کە بەو هۆیەوە ڕۆژانە 2 ملیۆن بەرمیل نەوت لە بەرهەمهێنانی نیشتمانیی ئەمریکا کەم بووەتەوە، کە ئەمەش کاریگەرییەکی ڕاستەوخۆی لەسەر کەمبوونەوەی خستنەڕوو هەبووە.
جگە لە کەشوهەوا، هۆکاری جیۆپۆلیتیکیش ڕۆڵیان هەبووە؛ گەیشتنی کەشتییە جەنگییەکان بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ترسی دروستبوونی پێکدادانی سەربازی لەگەڵ ئێرانی زیاد کردووە. ئەم دۆخە بازاڕی نەوتی خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشی و نیگەرانی لە پچڕانی هێڵەکانی گواستنەوە.
بڕیارە لە 1ی شوباتی داهاتوودا، هاوپەیمانی ئۆپیک پڵەس (OPEC+) کۆببێتەوە. پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە وڵاتانی ئەندام بڕیاری ڕاگرتنی زیادکردنی بەرهەمهێنان بۆ مانگی ئازار درێژ بکەنەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ پاراستنی هاوسەنگی نرخەکان.
تۆشیتاکا تازاوا، شیکەرەوەی دارایی، دەڵێت: "کە دۆخی کەشوهەوا ئاسایی بووەوە، ڕەنگە نرخەکان کەمێک دابەزن، بەڵام گرژییەکانی ناوچەکە وادەکەن نرخی نەوتی تەکساس لە دەوروبەری 60 دۆلار بمێنێتەوە."
