Apora Logo

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا؛ نرخی زێڕ 5200 دۆلاری تێپەڕاند

بۆ یەکەمجار لە مێژوودا؛ نرخی زێڕ 5200 دۆلاری تێپەڕاند

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

28/1/2026

ڕۆژی چوارشەممە، بازاڕە داراییەکانی جیهان شایەدی وەرچەرخانێکی مێژوویی بوون؛ نرخی زێڕ بۆ یەکەمجار لە مێژوودا ئاستی 5200 دۆلاری بۆ هەر ئۆنسەیەک تێپەڕاند.


ئەم هەڵکشانە هاوکاتە لەگەڵ دابەزینی بەهای دۆلار بۆ نزمترین ئاستی چوار ساڵی ڕابردوو و لێدوانە نوێیەکانی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە سیاسەتی نەقدی ئەمریکا.


لە مامەڵە خێراکاندا (Spot Gold)، نرخی زێڕ بە ڕێژەی 0.6% بەرزبووەوە و گەیشتە 5219.97 دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی لە هەمان جەلسەدا ژمارەیەکی پێوانەیی نوێی بە 5224.95 دۆلار تۆمار کرد. بەمەش زێڕ لە سەرەتای ئەم ساڵەوە تا ئێستا زیاتر لە

20%ی بەهای خۆی زیاد کردووە.


هاوکات، گرێبەستە دواخراوەکانی زێڕی ئەمریکا بۆ مانگی شوبات بە ڕێژەی 2.6% زیادیان کرد و گەیشتنە 5216.80 دۆلار.


هۆکارە سەرەکییەکانی بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ:

لێدوانەکانی دۆناڵد ترەمپ: سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کردووە کە کۆدەنگییەک لە کۆشکی سپی هەیە بۆ لاوازکردنی بەهای دۆلار لە قۆناغی داهاتوودا.


​گۆڕانکاری لە یەدەگی فیدراڵی: ترەمپ ڕایگەیاندووە بەم زووانە سەرۆکێکی نوێ بۆ بانکی ناوەندی دیاری دەکات و پێشبینی دەکات لەگەڵ دەستبەکاربوونی، ڕێژەی سوود کەم بکرێتەوە.


​دابەزینی متمانەی بەکاربەر: متمانەی بەکاربەر لە ئەمریکا بۆ نزمترین ئاستی 11 ساڵ و نیوی ڕابردوو دابەزیوە، ئەمەش بەهۆی ترسی بێکاری و گرانبوونی بژێوی.


​ئاڵۆزییە جیۆپۆلیتیکییەکان: بەردەوامی گرژییەکان وای کردووە وەبەرهێنەران زێڕ وەک پەناگەیەکی ئارام بەکاربهێنن.


تەنها زێڕ نەبووە کە گران بووە، بەڵکو کانزاکانی تریش بە ڕێژەی بەرچاو بەرزبوونەتەوە، زیو بە ڕێژەی 0.6% بەرزبووەوە و گەیشتە 113.63 دۆلار (زیاتر لە 60% گەشە لەم ساڵدا).


هەروەها پلاتینیۆم گەیشتە 2679.15 دۆلار و پالادیۆمیش بە ڕێژەی 0.9% ڕووی لە بەرزبوونەوە کرد.

;