دوای پەیامە توندەکەی دۆناڵد ترەمپ سەبارەت بە گەڕانەوەی نوری مالیکی بۆ دەسەڵات، سەرکردایەتی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاوتوێکردنی دۆخی سیاسی و پرسی سەرۆکایەتی کۆمار کۆدەبێتەوە.
سەرچاوەیەک لە ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بە میدیاکانی ڕاگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەندامانی چوارچێوەکە لەسەر بانگهێشتێکی فەرمی لە نووسینگەی نوری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە بەغداد کۆدەبنەوە.
بەپێی سەرچاوەکە، ئەجێندای کۆبوونەوەکە لەسەر ئەم خاڵانە چڕ دەبێتەوە:
یەکەم؛ هەڵوێست وەرگرتن بەرامبەر هۆشدارییەکانی ئەم دواییەی ئەمریکا سەبارەت بە پڕۆسەی سیاسی عێراق.
دووەم؛ گفتوگۆکردن لەسەر یەکلاکردنەوەی کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار.
ئەم کۆبوونەوەیە ڕاستەوخۆ دوای پۆستێکی دۆناڵد ترەمپ دێت لە "تروس سۆشیاڵ"، کە تێیدا هۆشداری دابوو لە دووبارە کاندیدکردنەوەی مالیکی و ڕایگەیاندبوو "ئەگەر مالیکی بگەڕێتەوە، ئەمریکا هاوکاری عێراق ناکات"، چونکە سەردەمی پێشووی ناوبراوی بە پڕ لە "پشێوی و هەژاری" وەسف کرد.
کاندیدکردنەوەی نوری مالیکی بۆ ویلایەتی سێیەم، تەنیا لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی نیگەرانی دروست نەکردووە، بەڵکو لە ناوخۆشدا ڕووبەڕووی بەرهەڵستی بووەتەوە. محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پارتی تەقەدوم، لە ئاماژەیەکی ناڕاستەوخۆدا هۆشداری دابوو لە گەڕانەوە بۆ "ڕۆژگارە سەختەکان" و داوای کردبوو کەسێک کاندید بکرێت کە "قبووڵکراوی نیشتمانی" بێت.
لە بەرامبەردا، دەوڵەتی یاسا هەموو ئەو دەنگۆیانە ڕەتدەکاتەوە کە باس لە هەبوونی "ڤیتۆ" لەسەر مالیکی دەکەن و جەخت دەکەنەوە کە ناوبراو پاڵپشتییەکی بەهێزی لە ناو ماڵی شیعە و لایەنەکان هەیە.
ئەم کۆبوونەوەیە لە کاتێکی هەستیاردا بەڕێوەدەچێت، لە کاتێکدا عێراق لە نێوان فشاری توندی واشنتۆن و ململانێی توندی جەمسەرە ناوخۆییەکاندا، هەوڵی تێپەڕاندنی قەیرانی پێکهێنانی حکومەت دەدات.
