نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروباری عێراق، پەیامێكی توندی ئاراستەی میلیشیاكان و گەندەڵكاران لە عێراق كرد و رایگەیاند، ئەمریكا لێپیچێنەوە لەگەڵ هەموو ئەو كەسانە دەكات كە تێوەگڵاون لە دزینی پارەی عێراق، كاریش دەكات بۆ ئەوەی ڕێگری بكات لە گەیشتنی میلیشیاكانی سەر بە ئێران بۆ دەسەڵات.
ماڕك ساڤایا ئەمڕۆ سێشەممە لە پۆستێکدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) نووسیویەتی "ئێستا تیمەکەمان بەشێوەی مەیدانی لەناو عێراق کار دەكەن بۆ چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ پێکهاتەی حکوومەتی نوێ، لە هەمانكاتیشدا ڕێگری دەكەن لە گەیشتنی میلیشیاكانی سەر بە ئێران بۆ دەسەڵات".
ساڤایا سەبارەت بە گەندەڵكاران رایگەیاندووە: زۆر گرنگە ئامادەبین بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی قەیرانی گەندەڵی لە عێراقدا، ئەم هەوڵانەش نابێت تەنها سنووردار بێت بە شوێنکەوتنی ئەو پارانەی کە دزراون یاخود نێردراون بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵکو دەبێت شوێنی کۆتایی ئەم پارانە و هەروەها چۆنیەتی بەکارهێنانیان دیاری بکرێت".
ساڤایا هەروەها نووسیویەتی "ئێستا زانیاری تەواومان هەیە لەسەر هەموو ئەو کەسانەی لە گەندەڵی و دزینی پارە لە عێراق تێوەگلاون، لەنێویاندا بەرپرسانی باڵای حکوومەت و ئەندامانی خێزانەکانیان كە لە پارەی دزراوی عێراق سوودمەندبوونە"
ئاماژەی بەوەشداوە: ئەو گەندەڵكارانە چەندان موڵك و باڵەخانەیان لە وڵاتان كڕیوە، هەروەها بوونەتە خاوەنی هاووڵاتینامە و پاسپۆرتی بیانی بە ناوەكانی خۆیان یاخود بە ناو و ناسنامەی ساختە بۆ ئەوەی دووربن لە چاودێری و لێپرسینەوە.
لە كۆتاییدا نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ جەختی كردۆتەوە كە ئەمریكا لێپرسینەوە لەگەڵ سەرجەم گەندەڵكاران لە عێراق بەبێ جیاوازی دەكات.
ئەم پۆستەی مارك ساڤایا لە كاتێكدایە كە ئەوە پشتڕاستكرایتەوە چەند رۆژێك پێش ئێستا و دوور لە چاوی كامێراكان، ئەو نێردەیەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ سەردانی عێراقی كردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا كۆبووەتەوە، لەنێویاندا محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق.
