سەرەڕای درێژکردنەوەی ئاگربەست، چەکدارانی جۆلانی هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی دەورووبەری کۆبانی و قامیشلۆ بەردەوام کردووە، کە بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا و ئینتەرنێت لە قامیشلۆ و کوژرانی هاوڵاتیانی سڤیل لە نزیک کۆبانێ.
لە دوا نیوەڕۆی ئەمڕۆوە، چەکدارانی جۆلانی هێرشیان بۆ سەر ناوچەکانی دەورووبەری کۆبانی دەستپێکردووەتەوە، بەپێی وتەی سیامەند عەلی، وتەبێژی یەپەگە، گوندەکانی چاڵ ئاغا لە سنووری حەسەکە کەوتوونەتە بەر هێرشی گروپە چەکدارەکانی جۆلانی و توركیا و نزیکەی 40 تەرمی چەکدارانی جۆلانی لە دەوروبەری گوندی سەفا و چاڵ ئاغا بەجێماون و پێکدادان بە چڕی بەردەوامە.
هەسەدەش لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە لەگەڵ درێژکردنەوەی ئاگربەستدا، گروپە چەکدارەکانی دیمەشق بەردەوامن لە هێرشەکانیان بۆ سەر ناوچەکانی باشوری رۆژهەڵاتی کۆبانی و شەڕێکی سەخت لە شارۆچکەی چەلەبیە بەردەوامە و چەکدارانی سوریا چەکی قورسیان هێناوەتە پێشەوەی شەڕ.
لە لایەکی دیکەوە، روانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ رایگەیاندووە کە لە ئەنجامی هێرشی درۆنی چەکدارانی جۆلانی و چەتەكانی نزیك لە توركیا بۆ سەر ماڵێک لە گوندی خراب عەشکلە لە دەوروبەری کۆبانێ، شەش هاوڵاتیی سڤیل شەهید بوون و شەشی دیکەش بریندار بوون، کە چواریان منداڵن.
