وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا ڕایگەیاند، داوا لە ئەندامانی یەکێتی ئەورووپا دەکەم سوپای پاسداران بخەنە لیستی تیرۆرەوە، دەشڵێت: سوپای پاسداران لە سەرکوتکردنی خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تێوەگلاون.
ئەنتۆنیۆ تاجانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا لەمیانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، دەربارەی ناساندنی سوپای پاسداران بە تیرۆریست ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.
ئەنتۆنیۆ تاجانی وتی: داوا لە ئەندامانی تری یەکێتی ئەورووپا دەکەم سوپای پاسداران بخەنە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانەوە.
وتیشی: هۆکارەکە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە سوپای پاسداران لە سەرکوتکردنی کوشندە و بەرفراوانی خۆپیشاندەرانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران تێوەگلاون.
ئەنتۆنیۆ تاجانی وەزیری دەرەوەی ئیتاڵیا جەختی لەوە کردەوە، ئەو زیانە گەورەیەی لە کاتی سەرکوتکردنی خۆپیشاندەراندا بەر دانیشتووانی مەدەنی ئێران کەوتووە پێویستی بە وەڵامێکی ڕوون هەیە.
جیگای ئاماژەیە، ئیتاڵیا تا ئێستا یەکێک بووە لە بەرهەڵستکارانی ناساندنی سوپای پاسدارانی ئێران وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی.
