Apora Logo

گۆڤاری تایم پەردە لەسەر گەورەترین کۆمەڵکوژیی سەدە لە ئێران هەڵدەداتەوە

گۆڤاری تایم پەردە لەسەر گەورەترین کۆمەڵکوژیی سەدە لە ئێران هەڵدەداتەوە

ئاپۆڕا نیوز - بەشی هەواڵ

27/1/2026

لە ڕاپۆرتێکی مەیدانیی هەژێنەردا، کە جیهانی تووشی شۆک کردووە، گۆڤاری (تایم)ـی ئەمریکی وردەکاریی ترسناکی لەبارەی سەرکوتکردنی خۆپیشاندانەکانی ئەم دواییەی ئێران ئاشکرا کرد.

بەگوێرەی زانیارییە دزەپێکراوەکان، تەنها لە ماوەی دوو شەو و ڕۆژدا (٨ و ٩ی کانوونی دووەم)، زیاتر لە ٣٠ هەزار هاووڵاتیی ناڕازی لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراون، ژمارەیەک کە خوێناویترین ڕووداوی مێژووی هاوچەرخی ئێرانی لێ کەوتووەتەوە.

​گۆڤارەکە لە زاری دوو بەرپرسی باڵای وەزارەتی تەندروستیی ئێرانەوە، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، نهێنییەکی تۆقێنەری بڵاوکردووەتەوە: "ژمارەی کوژراوان هێندە زۆر بووە کە دامەزراوە تەندروستییەکان تووشی ئیفلیجی بوون، بە جۆرێک دەسەڵاتداران کیسەی تەرمیان لە کۆگاکاندا نەماوە و ناچاربوونە پەنا بۆ ڕێگەی دیکە بەرن."

بەرپرسەکان ئاماژەیان بەوە کردووە بەهۆی زۆریی لاشەکانەوە، ئەمبوڵانسەکان فریای گواستنەوەیان نەکەوتوون و حکومەت پەنای بۆ بەکارهێنانی "لۆری و بارهەڵگری گەورە" بردووە بۆ ئەوەی تەرمی کوژراوەکان لە شەقامەکانەوە بۆ شوێنە نادیارەکان بگوازێتەوە.

​دکتۆر ئەمیر پەرەستە، پزیشکێکی ئێرانی-ئەڵمانییە و یەکێکە لە سەرچاوە سەرەکییەکانی ئەم ڕاپۆرتە، بە بەڵگەوە ئاشکرای کردووە، لیستی نهێنیی نەخۆشخانە مەدەنییەکان تەنها بۆ ئەو دوو ڕۆژە، تۆمارکردنی ٣٠,٣٠٤ (سی هەزار و سێسەد و چوار) حاڵەتی گیانلەدەستدانیان پشتڕاست کردووەتەوە.

دکتۆر پەرەستە هۆشداریداوە "ئەم ژمارەیە هێشتا کۆتایی نییە، چونکە ئەو کوژراوانە ناگرێتەوە براونەتە نەخۆشخانە سەربازییەکان یان ئەوانەی ڕاستەوخۆ بە بێ تۆمارکردن براون بۆ گۆڕستانەکان."

​ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات هێزە ئەمنییەکان بە چەکی قورس و نیشانەشکێن ڕووبەڕووی خۆپیشاندەران بوونەتەوە.

ئەم ئامارە نوێیە زۆر جیاوازە لە ئامارە فەرمییەکانی حکومەت، کە ژمارەی کوژراوانی بە نزیکەی ٣٠٠٠ کەس لە قەڵەم داوە.


ئەگەر ئەم زانیارییانە پشتڕاست بکرێنەوە، ئەوا ئەمە دەبێتە گەورەترین کۆمەڵکوژی حکومەتێک لە سەدەی بیست و یەکدا دژی گەلەکەی خۆی ئەنجامی دابێت، تەنانەت ژمارەی قوربانیانی ئەم دوو ڕۆژە لە کۆی گشتیی زۆربەی جەنگە ناوخۆییەکانی ناوچەکە زیاترە.

​ئەم ڕاپۆرتەی تایم لە کاتێکدایە کە هێشتا بەهۆی پچڕانی ئینتەرنێتەوە، قەبارەی تەواوی کارەساتەکە لە ئێران بە نادیاری ماوەتەوە، بەڵام شایەتحاڵەکان باس لەوە دەکەن شەقامەکانی تاران و شارە گەورەکان بوونەتە گۆڕەپانی جەنگێکی یەکلایەنە.


;