مێگیل دیاز-کانێل، سەرۆکی کوبا، هۆشدارییەکی توند ئاراستەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، هەر هێرشێکی سەربازی بۆ سەر وڵاتەکەی "عەواقیبی" خراپی بۆ واشنتن دەبێت. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە هەواڵەکان باس لە پلانی ئیدارەی ترەمپ دەکەن بۆ گۆڕینی ڕژێمی ئەو وڵاتە.
سەرۆکی کوبا لە میانی بەسەرکردنەوەی مەشق و ڕاهێنانی یەکەیەکی تانک لە "ڕۆژی نیشتمانیی بەرگری"دا ڕایگەیاند: "باشترین ڕێگە بۆ بەرپەرچدانەوەی دەستدرێژییەکان، نیشاندانی ئاستی ئامادەباشی و هێزی وڵاتەکەمانە، تا ئیمپریالیزم ناچار بکەین پێش هەر هێرشێک حساب بۆ قەبارەی باجەکەی بکات."
بەگوێرەی ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئەمریکا کە ئاژانسی (سپۆتنیك) گواستوویەتیەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ کار بۆ ئەوە دەکات تا کۆتایی ساڵی 2026 کۆتایی بە حوکمی حزبی کۆمۆنیست لە کوبا بهێنێت. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە واشنتن دەیەوێت سوود لە لاوازیی ئابووریی کوبا و لابردنی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا وەربگرێت بۆ ئەوەی فشارەکانی بۆ سەر هافانا چڕتر بکاتەوە.
بەرپرسانی باڵای کۆشکی سپی ئاماژەیان بەوە کردووە، هەرچەندە ڕەنگە پلانێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ لە ئارادا نەبێت، بەڵام دەستگیرکردنی مادۆرۆ وەک پەیامێکی ئاگادارکەرەوە بۆ سەرکردایەتی کوبا دەبینن. ئەمریکا لەو بڕوایەدا بووە کە حکومەتی کوبا بەهۆی لەدەستدانی هاوپەیمانە ستراتیژییەکانی، لە ئێستادا لە لاوازترین دۆخی خۆیدایە.
