فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)، بەبۆنەی یانزەهەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە دەستی تیرۆریستانی داعش، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە بەردەوامیی ڕێبازی بەرگری و پاراستنی دەستکەوتەکان دەکاتەوە.
دەقی ڕاگەیەنراوەکە؛
یازدهەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی شاری کۆبانێ لە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش دێتەوە، وەک یەکێک لە مەزنترین وێستگە یەکلاکەرەوەکان لە مێژووی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆری جیهانیدا. ئەم سەرکەوتنە مێژووییە بووە سەرەتای هەرەسهێنانی ڕاستەقینەی مەترسیدارترین و دڕندەترین ڕێکخراوی تیرۆریستی کە جیهانی هاوچەرخ بەخۆیەوە بینیویەتی، و ئەو ڕاستییە نەگۆڕەشی چەسپاند کە ئیرادەی گەلانی ئازاد و ڕێکخراو، بەرەوڕووی هەر ئاستەنگێک ببێتەوە، توانای ڕووخاندنی پڕۆژەکانی تاریکی و توندوتیژی هەیە.
شەڕی کۆبانێ، بە هەموو مانایەک، شەڕی چارەنووس بوو. تەنیا بەرگریکردن نەبوو لە شارێک، بەڵکو بەرگریکردن بوو لە بەها مرۆییەکان و لە مافی گەلان بۆ ژیان و ئازادی و شکۆمەندی. لە ساتەوەختێکی مێژوویی هەستیاردا، شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (YPG) و یەکینەکانی پاراستنی ژن (YPJ) لە دژی پڕۆژەیەکی جینۆسایدی ڕێکخراو وەستانەوە، بەوەش ڕێگەیان خۆشکرد بۆ ڕزگارکردنی ناوچەیەکی بەرفراوان لە سووریا و کۆتاییان بە تەشەنەسەندنی خوێناویی ئەو ڕێکخراوە لە ناوچەکەدا هێنا.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات، لەم یادە مەزنەدا، بەوپەڕی ڕێز و شکۆوە یادی شەهیدانی شەڕی کۆبانێ و تەواوی شەهیدانی شەڕی دژی داعش دەکاتەوە، کە گیانی خۆیان فیدای ئازادی و شکۆمەندی و پێکەوەژیان کرد. هەروەها سڵاو بۆ شەڕڤانانی (کچ و کوڕ) دەنێرێت کە باری گران و سەختی ئەم ڕووبەڕووبوونەوە مێژووییەیان گرتە ئەستۆ.
سەرکەوتنی کۆبانێ بێ هیچ گومانێک ئەوەی سەلماند کە داعش تەنیا ڕێکخراوێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو پڕۆژەیەکی تاریکپەرستانەی نێودەوڵەتی بوو کە مرۆڤ و بەهاکانی و داهاتووی کردبووە ئامانج. تێکشانی لە کۆبانێ تەنیا شکستێکی سەربازی نەبوو، بەڵکو شکستێکی فیکری و ئەخلاقی بوو کە بنەماکانی داڕوخاند و ئەو لۆژیکەی شکاند کە لەسەر تیرۆر و تۆقاندن دامەزرابوو. هەر بۆیە، کۆبانێ سەرەتایەکی ڕاستەقینە بوو بۆ کۆتاییهاتنی داعش و پەیامێکی دەنگدەر بوو بۆ جیهان کە توندڕەوی ناتوانێت لەبەردەم ئیرادەی گەلانی ئازاددا خۆ بگرێت.
ئەمڕۆ و دوای یانزە ساڵ بەسەر ئەو سەرکەوتنە مێژووییەدا، شاری کۆبانێ دووبارە ڕووبەڕووی هێرش و گەمارۆ و فشارە بەردەوامەکان دەبێتەوە، لە هەوڵێکی ئاشکرادا بۆ شکاندنی ئیرادەی گەلەکەی و لێدانی ئەو سەقامگیرییەی کە بە قوربانییەکی زۆر بەدەست هاتووە. بە ئامانجگرتنی کۆبانێ لە ئەمڕۆدا، بە ئامانجگرتنی ڕاستەوخۆی ڕەمزییەتی سەرکەوتنە بەسەر داعشدا و هەوڵێکە بۆ تۆڵەکردنەوە لەو شارەی کە پڕۆژەکەی داعشی تێکشکاند، هەروەها ناتوانرێت ئەمە لە هەوڵەکان بۆ تێکدانی سەقامگیری و کردنەوەی دەرگا بەڕووی پشێوی و گەڕانەوەی تیرۆردا جیابکرێتەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات پابەندبوونی تەواوی خۆی بە بەردەوامبوون لە شەڕی دژی داعش دووپات دەکاتەوە و هۆشداری دەدات کە هەر تێکدانی سەقامگیرییەک لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، مەترسییەکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی و دەرفەتی ڕاستەقینە دەداتە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان بۆ ڕێکخستنەوەی ڕیزەکانیان و دەستپێکردنەوەی چالاکییەکانیان.
لەو بۆنەیەدا، فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات پەیامێکی ڕوون و ڕاشکاو ئاراستەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات کە پاراستنی دەستکەوتەکانی سەرکەوتن بەسەر داعش و دابینکردنی ئاسایش و سەقامگیری ئەو ناوچانەی باجێکی گرانیان لەو شەڕەدا داوە، بژاردەیەکی سیاسی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی ئەخلاقی و یاسایی هاوبەشە. بێدەنگی بەرامبەر ئەوەی ڕووبەڕووی کۆبانێ دەبێتەوە، دژبەیەکە لەگەڵ ئەو قوربانییانەی بۆ تێکشکاندنی تیرۆر دراون و هەوڵە نێودەوڵەتییەکانیش بۆ بنبڕکردنی تیرۆر لاواز دەکات.
لە کۆتاییدا، هێزەکانی سووریای دیموکرات جەخت دەکاتەوە کە کۆبانێ وەک هێمایەکی نەمری بەرگری و خۆڕاگری دەمێنێتەوە، و ئەو سەرکەوتنەی یازده ساڵ لەمەوبەر بەدەست هات تەنیا یادێک نییە، بەڵکو پەیمانێکی نوێبووەوەیە بۆ بەرگریکردن لە ئازادی، پاراستنی دەستکەوتی شەهیدان و بنیادنانی داهاتوویەکی دیموکراتی و ئارام بۆ هەموو گەلانی سووریا.
فەرماندەیی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات
26ی کانوونی دووەمی 2026
