Apora Logo

عێراق لە نێوان بەرداشی ئێران و ئەمریکا؛ پەیامە توندەکەی ڕۆبیۆ چی لەپشتە؟

عێراق لە نێوان بەرداشی ئێران و ئەمریکا؛ پەیامە توندەکەی ڕۆبیۆ چی لەپشتە؟

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

26/1/2026

لە نوێترین پێشهاتی سیاسیدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بە فەرمی هۆشداریی دایە حکومەتی عێراق سەبارەت بە هەژموونی ئێران لە کابینەی داهاتوودا، ئەم فشارانە هاوکاتن لەگەڵ هەوڵەکانی "چوارچێوەی هەماهەنگی" بۆ گەڕاندنەوەی نوری مالیکی بۆ سەر کورسی دەسەڵات.


مارکۆ ڕۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، پەیامێکی ڕوونی واشنتنی گەیاندووە، ڕووبیۆ جەختی کردووەتەوە کە، حکومەتێکی ژێر کۆنترۆڵی ئێران ناتوانێت بەرژەوەندییە باڵاکانی گەلی عێراق بپارێزێت.

ئاماژەی بەوەشکردووە ئەمریکا داوا دەکات عێراق خۆی لە ململانێ هەرێمییەکان بەدوور بگرێت.

جەختی لەوەشکردۆتەوە، هەر جۆرە لادانێک بەرەو تاران، زیان بە هاوبەشیی ستراتیژیی نێوان بەغدا و واشنتن دەگەیەنێت.


هۆکاری ئەم هۆشدارییانە دەگەڕێتەوە بۆ ئەگەری گەڕانەوەی نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق، کە ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری لای واشنتن دروست کردووە.


​سەرچاوەیەکی سیاسی عێراقی بە ئاژانسی (فرانس پرێس)ی ڕاگەیاندووە کە ئەمریکا بە بەغدای گوتووە "ڕوانینێکی نەرێنی بەرامبەر بەو حکومەتانە هەیە کە پێشتر مالیکی سەرۆکایەتی کردوون".


هاوکات ​ئەندامانی کۆنگرێسی ئەمریکا لە نامەیەکدا ئاماژەیان بەوە کردووە، هەرچەندە هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران بڕیارێکی عێراقییە، بەڵام "ئەمریکا بڕیارە سەروەرییەکانی خۆی سەبارەت بە حکومەتی داهاتوو بەپێی بەرژەوەندییەکانی دەدات".


​ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە هاتن کە گەورەترین کوتلەی پەرلەمانی شیعە، نوری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران کاندید کرد؛ مالیکی کە لە ساڵی 2014 دا بە فشارەکانی ئەمریکا لە دەسەڵات دوورخرایەوە.


ئەم فشارە توندانەی ئەمریکا لە کاتێکدایە کە ئێران لە خراپترین دۆخی خۆیدایە؛ دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا و لاوازبوونی حزبوڵا لە لوبنان، تاران دەیەوێت لە ڕێگەی عێراقەوە قەرەبووی شکستە ناوچەییەکانی بکاتەوە. بەڵام ئەمریکا، کە کۆنترۆڵی "دۆلاری عێراقی" و یەدەگی نەوتی ئەو وڵاتەی لە بانکە فیدراڵییەکاندا لەدەستە، ڕێگە نادات بەغدا ببێتە دواین سەنگەری پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئێران.


پەیامەکەی ئەمریکا ڕوونە: "هەڵبژاردنی سەرۆک وەزیران مافی عێراقییەکانە، بەڵام جۆری مامەڵەکردنی واشنتن لەگەڵ حکومەتی نوێ، پەیوەستە بەوەی کێ دەبێتە سەرۆک."


نوری مالیکی بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2006 بە پاڵپشتی ئەمریکا بووە سەرۆک وەزیران و لایەنگرێکی سەرسەختی هەوڵە سەربازییەکانی ئەمریکا بوو دژی قاعیدە، بەڵام دواتر واشنتن دژی وەستایەوە چونکە پێیان وابوو سیاسەتەکانی ڕێگەی بۆ سەرهەڵدانی "داعش" خۆش کردووە.


​بڕیارە پەرلەمانی عێراق ڕۆژی سێشەممە کۆببێتەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار، کە دواتر دەبێت لە ماوەی 15 ڕۆژدا کاندیدی سەرۆکایەتی حکومەت ڕابسپێرێت.

;