Apora Logo

زێڕ ڕیکۆردێکی مێژوویی نوێی تۆمار کرد و بەربەستی 5000 دۆلاری تێپەڕاند

زێڕ ڕیکۆردێکی مێژوویی نوێی تۆمار کرد و بەربەستی 5000 دۆلاری تێپەڕاند

ئاپۆڕانیوز - بەشی ئابووری

26/1/2026

نرخی زێڕ ئاستێکی پێوانەیی نوێی تۆمار کردو بەربەستی 5000 دۆلاری بۆ هەر ئۆنسەیەک تێپەڕاند، ئەمەش بەهۆی ڕووکردنی بەهێزی وەبەرهێنەران بۆ کڕینی داراییە سەلامەتەکان لە سایەی هەڵکشانی گرژییە جیۆپۆلیتیکییەکان و ناسەقامگیری لە بازاڕە جیهانییەکاندا.


ئەمڕۆ دووشەممە نرخی بە ڕێژەی 1.98% بەرزبووەوە و گەیشتە 5081.18 دۆلار بۆ هەر ئۆنسەیەک، دوای ئەوەی لە سەرەتای مامەڵەکاندا دەستی لە ئاستی پێوانەیی 5092.71 دۆلار دا.


ئەمە یەکەم تێپەڕاندنی مێژوویی ئاستی 5000 دۆلارە، دوای ئەوەی زێڕ لە ساڵی 2025دا بە ڕێژەی 64% بەرزبوونەوەی بەخۆوە بینی.


هۆکارە سەرەکییەکانیش بریتین لە:

- پەنابردنی وەبەرهێنەران بۆ پەناگە ئارامەکان.

- ئاسانکاری لە سیاسەتی نەقدی ئەمریکا.

- کڕینی چڕوپڕی زێڕ لەلایەن بانکە ناوەندییەکانەوە.

- کۆچکردنی سەرمایە بۆ ناو سندوقە وەبەرهێنراوەکانی زێڕ (ETFs).


جێگەی ئاماژەیە کە نرخی زێڕ لە سەرەتای ساڵی 2026ەوە تا ئێستا زیاتر لە 17% بەرزبووەتەوە.


نرخی کانزاکانی دیکە:

زیو: بە ڕێژەی 5.79% بەرزبووەوە بۆ 108.91 دۆلار، ئەمەش دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی بۆ یەکەمجار بەربەستی 100 دۆلاری تێپەڕاندبوو (بە زیادبوونی 147% لە ساڵی 2025دا).


پلاتینیۆم: بە ڕێژەی 3.77% بەرزبووەوە و گەیشتە 2871.40 دۆلار.


پالادیۆم: بە ڕێژەی 3.2% بەرزبووەوە بۆ 2075.30 دۆلار، کە ئەمە بەرزترین ئاستیەتی لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا.


;