Apora Logo

نەوت لە سەروو 65 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت

نەوت لە سەروو 65 دۆلارەوە مامەڵەی پێوەدەکرێت

ئاپۆڕانیوز - بەشی ئابووری

26/1/2026

دوای بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا، بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکاندا جۆرێک لە سەقامگیری بەخۆوە بینی. ئەمەش لە کاتێکدایە کە بازاڕ لەنێوان دوو جەمسەردایە: فشاری کەشوهەوای سارد لە ئەمریکا و ترس لە پەککەوتنی دابینکردنی وزە.


بەپێی دوایین ئامارەکان نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت گەیشتووەتە 65.94 دۆلار.

هاوکات نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی تەکساس گەیشتە 61.13 دۆلار.

ئەمە لەکاتێکدایە کە هەفتەی ڕابردوو هەردوو بەرزترین ئاستیان لە دوای مانگی یەکی ساڵی ڕابردووەوە تۆمار کردبوو.


لە ئێستاد جۆرێک لە جێگیری لە نرخی نەوت بەدی دەکرێت، لەبەر چەند هۆکارێکی سەرەکی:


1- زستانی سەختی ئەمریکا: زریانە بەفراوییەکان لە ویلایەتەکانی (تەکساس و ئۆکلاهۆما) بوونە هۆی پەککەوتنی بەرهەمهێنانی 250 هەزار بەرمیل نەوت لە ڕۆژێکدا، ئەمەش وایکرد نرخەکان بە بەرزی بمێننەوە.


2- گەڕانەوەی هەناردەی کازاخستان: دوای کۆتایی هاتنی کارەکانی چاککردنەوە، هێڵی بۆری دەریای قەزوین گەڕایەوە سەر ته‌واوی توانای خۆی، ئەمەش کەمێک لەو فشارانەی سەر بازاڕی کەمکردەوە کە بەهۆی کەمیی دابینکردنەوە دروست ببوو.


3- گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست: جموجۆڵە سەربازییەکانی ئەمریکا و بەردەوامیی ئاڵۆزی لەگەڵ ئێران، هەمیشە وەک فاکتەرێکی ترس و گومان لە بازاڕی وزەدا دەمێننەوە.


سەرەڕای ئەم هەڵکشان و داکشانە کاتییانە، شیکەرەوە ئابوورییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بنەماکانی بازاڕ بۆ ساڵی 2026 هێشتا بە لاوازی دەبینرێن، چونکە تا ئێستا وڵاتە بەرهەمهێنەرە گەورەکان بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیان بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمهێنان نەداوە کە هاوسەنگییەکی درێژخایەن بۆ نرخەکان بگەڕێنێتەوە.

;