تیمی رێكخراوی CPTی ئهمریكی لە ڕۆژئاڤای کوردستان کەیسێکی کۆمەڵکوژكردنی دڕندانهی خێزانێکی کورد ئاشکرادەکات، خێزانهكه 12 كهس بون، كاتێك له رهققهوه بهرهو شاری حهسهكه رۆیشتون له رێگا لهلایهن گروپێك چهكداری سهربه حكومهتی دیمهشقهوه شهشیان كۆمهڵكوژدهكرێن و شهشهكهی دیكهشیان بریندار دهكرێن.
تیمی رێكخراوی CPTی ئهمریكی لە ڕۆژئاڤای کوردستان، ئهمڕۆ یهكشهممه، له راپۆرتێكدا وتویهتی، رۆژی 18ی کانونی دوەم و لەکاتی هێرشی چەکدارانی سوپای حکومەتی نوێی سوریا بۆ سەر شاری ڕەققە لە سوریا، خێزانێکی 12 کەسی کورد، کە لەکاتی رۆیشتندا بون بۆ شاری حەسەکە، دەستگیردەکرێن و شەش ئەندامی خێزانەکە کۆمەڵکوژ دەکرێن، شەشی تریان بریندار دەکرێن.
وهك رێكخراوهكه ئاماژهی پێداوه، خێزانەکە، بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری “کیا - بارهەڵگر” ژمارە 40013، لە شاری ڕەققەوە بەڕێدەکەون بۆ شاری حەسەکە. کاتێک دەگەنە نزیک گوندی ئەبو خەشەب لە نێوان ڕەققەو حەسەکە، لەلایەن گروپێک چەکداری سەر بە حکومەتی نوێی سوریاوە ڕادەگیرێن. پرسیاریان لێدەکرێت “خەڵکی کوێن؟”، وەڵام دەدەنەوە "ڕەققە". بەرپرسی گروپە چەکدارییەکە دەڵێت “کوردن یان عەرەب؟”. ئەوانیش لە وەڵامدا دەڵێن “کوردین، بەڵام سەر بە هیچ حزب و هێزێک نین." بەرپرسەکە دەڵێت “تەواو ئێستا کۆتایی بە هەموتان دەهێنم!”
تیمی CPT وتوشیهتی، بەرپرسەکە فەرمان دەکات کە ئەوانەی بەتەمەنن هەمویان بکوژرێن. خێزانەکە لە تاو گیانی خۆیان دەیانەوێت لە ئۆتۆمبێلەکە بێنە دەرەوە، بەڵام چەکدارەکان تەقە دەکەن و سەرەتا فیشەک دەنێن بەسەری باوکی خێزانەکە کە ناوی “محەمەد ئیسماعیل ساڵح - تەمەن 50 ساڵ”ە و دەیکوژن. دەستی دایکی خێزانەکە بە ناوی “سارا شاهین ساڵح - تەمەن 49 ساڵ” لە پشتەوە دەبەستنەوە و فیشەک دەنێن بە سەریەوە و دەیکوژن. ئینجا بە هەڕەمەکی تەقە لە خێزانەکە دەکەن و 4 ئەندامی تری خێزانەکە بە ناوەکانی “یوسف محەمەد ساڵح - تەمەن 20 ساڵ، لەیلا محەمەد ساڵح- تەمەن 17 ساڵ، ئەڤین محەمەد ساڵح - تەمەن 10 ساڵ، مەحمود ئەحمەد ساڵح - تەمەن 26 ساڵ” دەکوژن کە دوانیان منداڵن.
ئهوهشی خستۆتهڕو، دوای کوشتنی ئەو 6 ئەندامەی خێزانەکە، چەکدارەکان پێستی دەموچاوی “لەیلای تەمەن 17 ساڵ” هەڵدەکەنن و بەچەقۆ سکی هەڵدەدڕن. هەروەها چاوی ڕاستی “مەحمودی تەمەن 26 ساڵ” دەردەهێنن. ئینجا لۆگۆی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ دەخەنە سەر سنگی مەحمود.
هێمای بۆ ئهوهش كردوه، دوای ئەوە شەش ئەندامەکەی تری خێزانەکە ڕادەکەن و دەیانەوێت لەدەستی چەکدارەکان ڕزگاریان بێت. بەڵام چەکدارەکان بە هەڕەمەکی تەقەیان لێدەکەن و هەمویان بە سەختی بریندار دەکەن. چەکدارەکان، تەرمی کوژراوەکان لە شوێنەکە جێدەهێڵن و بریندارەکان لەگەڵ خۆیان دەبەن. دوای کاتژمێرێک، بریندارەکان لە چۆڵەوانییەک لە نزیک شاری دێرەزور فڕێدەدەن و ئەوانیش بەجێدەهێڵن.
تیمهكهی CPT هێمای بۆ ئهوهش كردوه، دوای ئەوەی کە خێزانێکی یەکێک لە گوندەکانی دێرەزور، بریندارەکان دەدۆزێتەوە، دەیانبات بۆ نەخۆشخانەی گشتی دێرەزور. لە نەخۆشخانەکە، سەرباری ئەوەی کە چارەسەری پێویست پێشکەش بە بریندارەکان ناکرێت. یەکێک لە پزیشکەکان، سوکایەتی بە بریندارەکان دەکات و دەڵێت، “دەبو ئێوەش کوژرابان و نەهێندرابان بۆ ئێرە.” پاش 40 کاتژمێر، بریندارەکان دەگوازرێنەوە بۆ شاری ڕەققەو لەوێش لە یەکتری جیا دەکرێنەوە.
رێكخراوهكه ناوی بریندارەکان، تەمەن و جۆری برینەکانیانی بهم شێوهیه خستۆتهڕو:
• شیرین محەمەد ساڵح - 25 ساڵ. چوار فیشەک بەر سکی کەوتوە.
• غەزال محەمەد ساڵح - 16 ساڵ. فیشەک بەر قاچی کەوتوە.
• ئیبراهیم محەمەد ساڵح - 13 ساڵ. فیشەک بەر دەست و قاچی کەوتوە.
• شادی مەحمود ساڵح - 6 ساڵ. فیشەک بەر قاچی کەوتوەو دەموچاویشی بریندارە.
• لاوەند مەحمود ساڵح - 2 ساڵ و نیو. فیشەک بەر پێستی سەری کەوتوە و سەری بریندارە. دو پەنجەی دەستی ڕاستیشی لەدەستداوە.
• ئیبراهیم مەحمود ساڵح - 4 ساڵ. فیشەک بەر قاچ و ئەندامی نێرینەی کەوتوە.
وهك له راپۆرتهكهدا هاتوه، دوای دو ڕۆژ لە ڕوداوەکە، هەندێک هاوڵاتی گوندی ئەبو خەشەب، تەرمی کوژراوەکان کۆدەکەنەوە و دەیانبەن بۆ نەخۆشخانەی پارێزگای دێرەزور. تاوەکو ئێستاش تەرمەکان لەو نەخۆشخانەیە ماونەتەوەو بە خاک نەسپێردراون.
رێكخراوهكه وتویهتی، کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی، سوکایەتیکردن بە تەرمەکانیان، تۆقاندنی دەستگیرکراوان و تەقەکردن لێیان ئەمانە هەمو پێشێلکاری گەورەی مافی مرۆڤ و تاوانی گەورەن، کە چەکدارانی سوپای حکومەتی نوێی سوریا لە هێرشەکانی ئەم دواییەیاندا بۆسەر ناوچەکانی باکور و خۆرهەڵاتی سوریاو ناوچەکە کوردنشینەکان ئەنجامیانداون.
هێمای بۆ ئهوهش كردوه، رێکخراوی CPT تەواوی بەڵگەنامەکانی ئەم کۆمەڵکوژییەو وێنەو ڤیدیۆ و دەنگی لەبەردەستدایەو ڕاستاندنی بۆ ڕوداوەکە کردوە.
جهختیشی كردۆتهوه كه ڕێکخراوهكهیان بەردەوام دەبێت لە تۆمارکردن و بە بەڵگەنامەکردنی ئەو پێشێلکارییانەی کە بەرامبەر بە هاوڵاتییانی مەدەنی لە باکورو ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن چەکدارانی حکومەتی سوریاوە ئەنجامدراون.
