وەزارەتی دارایی عێراق لەبارەی داهاتی مانگی 11 رابردووەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە
وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاشکرایدەکات، کۆی داهاتی گشتیی 11 مانگی رابردوو گەیشتووەتە زیاتر لە 114 ترلیۆن دینار، دەڵێت “حکومەتی هەرێم لەو ماوەدا تەنها 919 ملیار دیناری لە داهاتی نانەوتی ناردووە”.
ئەمڕۆ شەممە 24ی کانوونی دووەم، وەزارەتی دارایی عێراق ڕاپۆرتی 11 مانگی داهات و خەرجی ساڵی 2025ـی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، داهاتی گشتی گەیشتووەتە زیاتر لە 114 ترلیۆن دینار، بەڵام کورتهێنانی دارایی گەیشتووەتە نزیکەی 13 ترلیۆن دینار.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، کۆی داهاتی عێراق لە ماوەی 11 مانگدا گەیشتووەتە 114 ترلیۆن دینار، کە 100.5 ترلیۆنیان لە نەوتەوە دابین کراوە و داهاتە نانەوتییەکان تەنیا 13.4 ترلیۆن دینار بوون.
لە بەشێکی راپۆرتەکەدا هاتووە، کۆی خەرجییەکان گەیشتووەتە 126.9 ترلیۆن دینار، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی کورتهێنانی دارایی بە بڕی 12.9 ترلیۆن دینار.
هاوکات، حکومەتی فیدراڵ 10.41 ترلیۆن دیناری وەک شایستەی دارایی بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە، لە کاتێکدا هەرێم 919 ملیار دیناری نانەوتیی ڕادەستی بەغدا کردووە.
خەرجییە سەرەکییەکان بریتین لە 55.9 ترلیۆن دینار بۆ مووچەی فەرمانبەران، 17.3 ترلیۆن دینار بۆ خانەنشینان، و 5.1 ترلیۆن دینار بۆ تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی
