ئاژانسی هەواڵی "فڕانس پرێس" لە زاری سێ سەرچاوەی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، حکومەتی سووریا و هێزە کوردییەکان (هەسەدە) ڕەزامەندییان دەربڕیوە لەسەر درێژکردنەوەی ماوەی ئاگربەست نێوانیان بۆ ماوەی مانگێك.
بەپێی زانیارییەکان، ئەم هەنگاوە دوای کۆبوونەوە چڕەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو دێت بە مەبەستی ڕێگری لە هەڵگیرسانەوەی شەڕ و خوێنڕشتنی زیاتر، درێژکردنەوەی ئاگربەست دەرفەتێک دەدات بە لایەنەکان بۆ جێبەجێکردنی خاڵەکانی ڕێککەوتنی 18ی کانوونی دووەم و هەروەها بۆ گەیاندنی هاوکاری بە ئاوارەکان و ناوچە گەمارۆدراوەکانی وەک کۆبانی، هاوكات بۆ کەمکردنەوەی گرژییە سەربازییەکان لەو ناوچانەی کە هێزەکانی هەردوولا لێیان نیشتەجێن.
تاوەکو ئێستا وادەی فەرمی درێژکردنەوەکە ڕانەگەیەندراوە، بەڵام سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە هەوڵەکان بۆ گەیشتنە بە ئاگربەستێکی هەمیشەیی و سەقامگیر لە ناوچەکەدا هەیە.
