وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن) لە ستراتیژییە نوێیەکەیدا بۆ ساڵی 2026 ڕایگەیاند، سوپای ئەمریکا ئەولەویەت دەدات بە ئاسایشی ناوخۆ و بەرپەرچدانەوەی چین، لە بەرامبەردا پشتیوانییە سەربازییەکانی بۆ هاوپەیمانەکانی لە ئەوروپا و ناوچەکانی دیکە بە شێوەیەکی "سنووردارتر" پێشکەش دەکات.
لە بەڵگەنامە 34 لاپەڕەییەکەیدا، پنتاگۆن جەخت لەوە دەکاتەوە: "لەکاتێکدا هێزەکانی ئەمریکا تیشک دەخەنە سەر بەرگریکردن لە خاکەکەیان و ناوچەی زەریای هیندی و هێمن، هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان دەبێت خۆیان بەرپرسیارێتی بەرگریکردن لە خۆیان بگرنە ئەستۆ."
ئەم ستراتیژییە نوێیە کە یەکەمینە لە دوای ساڵی ٢٠٢٢ەوە، داوا لە هاوپەیمانەکانی واشنتن دەکات کۆنترۆڵی ئاسایشی خۆیان بکەن. هەروەها تیشک دەخاتە سەر ئامانجەکەی ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ بۆ سەپاندنی هەژموونی ئەمریکا لە نیوەگۆی ڕۆژئاوای زەوی بەرلە ڕووبەڕووبوونەوەی چین.
پنتاگۆن ڕەخنەی توندی لە هاوبەشەکانی لە ئەوروپا و ئاسیا گرتووە بەهۆی ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ پشتیان بە ئیدارەکانی پێشووی ئەمریکا بەستووە. لە دەقەکەدا هاتووە: "حکومەتی ئەمریکا بۆ ماوەیەکی زۆر بەرژەوەندییەکانی گەلی ئەمریکای پشتگوێ خستووە، ئێستا کاتی گۆڕانکارییەکی توندە لە شێواز و سەرنج و کارکردنماندا."
ستراتیژییە نوێیەکە ئاماژە بەوە دەکات کە وەزیری بەرگری، پیت هیگسێت، بژاردەی سەربازی ئامادە دەکات بۆ دڵنیابوون لە دەستڕاگەیشتنی بازرگانی و سەربازی ئەمریکا بە ناوچە سەرەکییەکان، بەتایبەتی گرینلاند و کەناڵی پاناما.
سەبارەت بە وڵاتانی دراوسێ (کەنەدا و ئەمریکای ناوەڕاست و باشوور)، پنتاگۆن هۆشداری دەدات: "ئێمە بە نیەتێکی باشەوە مامەڵە لەگەڵ دراوسێکانمان دەکەین، بەڵام دەبێت ڕێزی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانمان بگرن و ڕۆڵی خۆیان بگێڕن. ئەگەر ئەوە نەکەن، ئەوا ئامادەین ڕێکاری یەکلاکەرەوە و کاریگەر بگرینەبەر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا."
