Apora Logo

کۆبانی لە نێوان چەقۆی سەرما و گەمارۆدا؛ 4 منداڵ گیانیان لەدەستدا

کۆبانی لە نێوان چەقۆی سەرما و گەمارۆدا؛ 4 منداڵ گیانیان لەدەستدا

ئاپۆرا نیوز- بەشی هەواڵ

24/1/2026

لە کارەساتێکی مرۆیی نوێدا، مانگی سووری کوردی ڕایگەیاند کە بەهۆی شەپۆلێکی سەرمای توند و نەبوونی کەرەستەی گەرمکەرەوە، چوار منداڵ لە شاری کۆبانی گیانیان لەدەستدا. ئەم ڕووداوە وەک زەنگێکی مەترسیدار بۆ دۆخی مرۆیی شارەکە لێدراوە.


مانگی سووری کوردی هۆشداری دەدات کە کۆبانی بەهۆی گەمارۆیەکی توند و پەککەوتنی خزمەتگوزارییە بنەڕەتییەکانەوە، بەرەو کارەساتێکی گەورەتر هەنگاو دەنێت. بەهۆی هێرشە بەردەوامەکان بۆ سەر ژێرخانی وزە، شارەکە دووچاری كۆمەڵێك قەیران بۆتەوە.


ئاماژەی بەوەشكردووە، بەهۆی پەککەوتنی وێستگەکانی وزە و کەمیی سووتەمەنی، خێزانەکان توانای پاراستنی منداڵەکانیان لەم شەپۆلە سەرمایەیان نەماوە. پزیشکان ئاماژە بەوە دەکەن کە بەرگریی جەستەی کۆرپە و منداڵە تەمەن بچووکەکان بەرامبەر ئەم دۆخە نالەبارە زۆر لاوازە، ئەمەش ئەگەری بەرزبوونەوەی ژمارەی قوربانییەکان زیاد دەکات.


ڕێکخراوە مرۆییەکان داوای دەستبەجێی دەستوەردانی نێودەوڵەتی دەکەن بۆ شکاندنی گەمارۆی سەر ناوچەکە و گەیاندنی هاوکاریی پزیشکی و خۆراکی، هەروەها نۆژەنکردنەوەی ژێرخانە خزمەتگوزارییەکان کە کراونەتە ئامانج، هاوكات دابینکردنی سووتەمەنی و پێداویستی گەرمکەرەوە بۆ ڕێگری لە گیانلەدەستدانی زیاتری مەدەنییەکان.



;