بەرپرسێکی باڵای ئێران ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هەر هێرشێکی ئەمریکا وەک "جەنگی گشتگیر" دەبینێت و بە توندترین شێوە وەڵامی دەداتەوە. ئەم لێدوانانە لە کاتێکدایە کە واشنتن هێزی دەریایی و کەشتیی فڕۆکەهەڵگری زیاتر بەرەو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەجووڵێنێت.
بەرپرسێکی ئێرانی کە نەیویستووە ناوی ئاشکرا بکرێت، بە ئاژانسی "ڕۆیتەرز"ی ڕاگەیاندووە: "سوپاکەمان بۆ خراپترین سیناریۆکان ئامادەیە و هەموو هێزەکانمان لە دۆخی ئامادەباشی باڵادان." ناوبراو ئاماژەی بەوەش کردووە کە ئێران جیاوازی نەکات لە نێوان هێرشێکی سنووردار یان گشتگیر، و هەر جۆرە بەزاندنی سەروەریی خاکەکەیان بە جەنگێکی سەرتاسەری ئەژمار دەکەن.
لە بەرامبەردا، دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاندووە کە هێزێکی سەربازی "زەبەلاح" بەرەو ناوچەکە بەڕێوەیە و لە نزیکەوە چاودێری ئێران دەکەن. ترهمپ ئاماژەی بەوەش کردووە کە هۆشداری داوەتە تاران ئەگەر پەنا بۆ لەسێدارەدان ببەن، ڕووبەڕووی لێدانی سەربازی دەبنەوە.
لە لایەکی ترەوە، جێگری فەرماندەی هێزی دەریایی سوپای پاسداران ڕایگەیاند، دوژمن ناوێرێت هێرش بکاتە سەر ئێران و قسەکانی ترهمپ لەسەر هێرشی خێرا تەنها خەیاڵن.
هەروەها جەختی کردەوە کە ئێران کۆنترۆڵێکی تەواو و زیرەکی بەسەر تەنگی هورمزدا هەیە و ئامادەن بۆ هەر ڕووبەڕووبوونەوەیەک لەگەڵ کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا.
