ئەگەر لە مێژووی جیهاندا بە شانازییەوە باس لە کەزیی خانمە ئیتاڵییەکان بکرێت، لە ساڵی ۳۹۰ی پێش زایین، کاتێک هۆزە گۆلەکان (Gauls) شاری رۆمایان گەمارۆدا، لەو کاتەدا سوپای رۆمانییەکان گرفتی ژێی ئامێرە بەردهاوێژەکان و تیر و کەوانەکانیان هەبوو، چونکە زۆربەیان پچڕابوون و کەرەستەی چاککردنەوەیان نەمابوو، ناچار ژنانی شارەکە بە کۆمەڵ کەزییە درێژەکانیان بڕی و لێیان چنییەوە تا وەک ژێیەکی بەهێز بۆ تیروکەوانەکانیان و چەکەکانی تریان بەکاری بهێنن.
بەڵام لای ئێمەی کورد دیمەنەکە تەواو بەپێچەوانەوەیە؛ لە رۆما ژنان کەزییان دەبەخشی بۆ ئەوەی پیاوان بجەنگن، بەڵام شیرەژنەکانی کوردستان، کچە شەڕڤانەکانی ئێمە، نەک هەر کەزییەکان بە خاک و نیشتمان دەبەخشن، بەڵکو خۆیان جەنگاوەر و هەر خۆشیان پاڵەوانی مەیدان و بەرگریین. ئەو ئازایەتی و ئیرادەیەی ئەوان لە شەڕدا ئەنجامی دەدەن، مەگەر موعجیزەیەک بێت خوا لەسەر ئەو زەمینەدا تەنها بە ژنانی میللەتەکەی ئێمەی بەخشیبێت، ئەگینا لە وەسفی هیچ داستان و ئەفسانەیەکدا نەبووە و نابێت ژن ببێتە شاخ و لەبەردەم هەرچی گەردەلوولێکدا بوەستێت.
کورد دەبێت بەوپەڕی سەربەرزییەوە شانازی بەو شەڕڤانە ژنانە بکات، کە لە بەرەکانی جەنگدا هەمیشە لە پێشەوەن؛ ئەو تەوارانەی پەلکە کەزییەکانیان تەنها قژ نییە، بەڵکو درێژکراوەی زنجیرەی خەبات و بەرخودانی گەلێکە، کە لە وەتەی هەیە شەڕ بۆ پاراستنی خاکەکەی و شکۆی نەتەوەیی دەکات و دژ بە داگیرکەران دەوەستێت.
هەر بۆیە کاتێک کەزیی کچە شەڕڤانێکی ئێمە لە مەیدانی جەنگدا دەمێنێتەوە، ئەوە تەنها تاڵەکانی قژی بەجێماوی کچێک نییە کە سەربەرزانە شەهید بووبێت، بەڵکو ژێیەکیشن بۆ ریسواکردنی ئەو (ملپانە) خۆفرۆش و بەکرێگیراوەکانەی بە دوژمناندا هەڵدەڵێن.
ئەو کەزییانە چەندە دەرخەری قارەمانییەتی ژنی کورد بن، کە هاوشانی پیاوان هەمیشە رووبەڕووی دوژمنان دەوەستن و شکۆی گەلەکەیان دەپارێزن، هێندەش بەگژ ئەو عەقڵییەتە تاریکپەرستانەدا دێنەوە، کە شەڕەف تەنها بە (نامووس) دەبەستنەوە و پشت لە خاک و وڵاتەکەیان دەکەن و وەک بەکرێگیراوێک بۆ چەتە و بەکرێگیراوەکانی وەک (ئەحمەد شەڕع) هەڵدەپەڕن. ئەوەتا لە فەرهەنگی سیاسیی کوردیدا، لەسەر زاری شێخ سەعیدی پیران دەگێڕدرێتەوە کە فەرموویەتی: نیشتمان شەڕەفە، شەڕەفیش بە زۆر نادرێت بە بێشەڕەف.
کاتێک تاقمێکی بەکرێگیراو بە شانازییەوە کەزییەکی بڕاو وەک دەستکەوتی جەنگ بەرز دەکەنەوە، ئەوە تەنها نیشاندانی رق نییە، بەڵکو گوزارشتە لە ئیفلاسی ئەخلاقیی خۆیان و بێدەنگیی شەرمەزارانەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە سەردەمی (ترامپیزم)دا، ئەو سەردەمەی کە تێیدا ویژدانی مرۆڤایەتی لە گیرفانی چەند بازرگانێکدایە و خوێنی ئازاترین ژنانی دونیا دەکرێتە قوربانیی رێککەوتنی سیاسیی ژێربەژێر.
ئەو کەزییەی کە بە دەستی چەکدارێکی دڕندەی جۆڵانی دەبڕدرێت، هەمان ئەو پەلکە پڕ لە شکۆیە بوو کە جیهان لە کۆبانێ و شەنگالدا وەک (موعجیزەی سەدە) سەیری دەکردو بە شانازییەوە لە میدیاکاندا روماڵیان دەکرد. ئەو کچانەی کە لە شاخ و لوتکە بەرزەکانی قەندیل و بەرخودانی کۆبانێ و عەفرین و شەڕی تێکشکانی داعشدا، بە دەستێک کەزییەکانیان دەهۆنییەوە و بە دەستەکەی تریان تفەنگیان بەرامبەر بە تیرۆریستان رادەگرت و سنگی داعشیان دەپێکا، هەمان ئەو کەزییانەن کە ئێستا لەبەرامبەر سوپای دوو دەوڵەت و هەزاران چەتە و دز و جەردەی (محەمەدی جۆلانیفرۆش) راوەستاون. ئەو شێرە ژنانە ناسنامە و شکۆی کوردبوونی ئێمەن؛ پێویستە هەموو کوردێکی بەشەڕەف لە ئاست گەورەییاندا سەری رێز بنەوێنێت، چونکە ئەوان تەنها بەرگری لە خاکی باب و باپیرانمان ناکەن، بەڵکو پارێزەری کەرامەتی نەتەوەیەکن، کە ئێستاکە لەناو جیهانێکی چاوچنۆکدا، کە پڕە لە درۆی بریقەداری (مافی مرۆڤ)، لە ئاستیدا کڕوکەپ و کوێر بووە.
نەفرەت لەو جیهانە سپڵەیەی کە دوێنێ وێنەی ئەم کچە شەڕڤانانەی وەک پارێزەری شارستانیەت بڵاودەکردەوە، کەچی ئەمڕۆ لە ئاست خیانەت و بڕینی کەزییەکانیاندا بێدەنگە. بەڵام بەدڵنیاییەوە کەزیی کچە شەڕڤانی ئێمە مێژوویەکە کە نانووشتێتەوە، خاکێکە لەناو دڵی کوردبووندایە و داگیر ناکرێت، ئازادییەکە کە هەرگیز نابێتە قوربانیی بازاڕە گەرمەکانی سیاسەت، ئیرادەیەکە بە هیچ مەقەست و خەنجەرێک نابڕدرێت.
سڵاو بۆ ئەو تەوارانەی ڕۆژئاوا، کە بە کەزی و لولەی تفەنگەکانیان، مێژوویەکی نوێ بۆ کورد دەنووسنەوە.
