رۆن پرۆسۆر، باڵیۆزی ئیسرائیل لە ئەڵمانیا رەخنەی توند لە بێدەنگیی وڵاتانی ئەوروپا دەگرێت بەرامبەر ئەو دۆخەی لە ناوچە کوردییەکانی سوریا دەگوزەرێت و دەڵێت "خوێن لە دەماردا دەیبەستێت".
پرۆسۆر لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسیویەتی: "ئەو دیمەنانەی لە ناوچە کوردییەکانی سوریاوە دەگەن، خوێن لە دەماردا دەیبەستن، ئەوروپاش لەم ئاستەدا گوێی کەڕ کردووە".
باڵیۆزەکەی ئیسرائیل کە پێشتر نوێنەری وڵاتەکەی بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و بەریتانیا، دەڵێت: "کوردەکان باوەڕپێکراوترین هاوبەشی رۆژئاوا بوون لە سوریا و خاوەنی زۆرینەی بەهاکانی ئێمەن. ئەوان قوربانیی گەورەیان داوە و 'کاری قورس و پیس'ی رۆژئاوایان لە شەڕی دژی داعش ئەنجامدا".
لە کۆتایی پەیامەکەیدا، پرۆسۆر داوا دەکات کورد بەتەنیا جێ نەهێڵرێن و دەڵێت: "ئێستا کاتی ئەوەیە کە پێویستیان بە پشتیوانیی ئێمەیە، نابێت لەم ساتە تاریکەدا پشتیان تێبکەین و بەتەنیا جێیان بهێڵین".
