بۆردی داکۆکی لە ئازادی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، ستایشی هەڵوێستی یەکگرتووی میدیاکانی باشوری کوردستان دەکات بەرانبەر رووداوەکانی رۆژئاوا و داوای چاودێریکردنی دۆخی رۆژنامەنووسانیش دەکات.
لە راگەیەندراوێکدا بۆردەکە ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هەڵوێستە "جوان و یەکانگیرەی" میدیاکارانی باشوری کوردستان و یەک وتاریی سەرجەم میدیاکان (بینراو، بیستراو، خوێنراو و ئەلکترۆنی) بەرامبەر ئەو ستەمەی لە رۆژئاوای کوردستان دەکرێت، جێگای پێزانینە و هیوادارن لە پرسە نیشتمانییەکانی دیکەشدا بەم شێوەیە بن.
سەندیکای رۆژنامەنووسان نیگەرانیی خۆی نیشانداوە سەبارەت بە سەلامەتیی میدیاکارانی باشور و رۆژئاوا لە ناوچەکانی شەڕ و دەڵێت: "هێشتا ئامارێکی وردمان بەدەست نەگەیشتووە لەسەر زیانی نووسینگە و کەلوپەلی میدیاکاران".
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، دەنگی خۆیان دەخەنە پاڵ رێکخراوە میدیاییەکانی رۆژئاوا و داوا لە رێکخراوە جیهانییەکان دەکەن چاودێریی وردی دۆخەکە بکەن، چونکە "لایەنی هێرشبەر خاوەنی ئایدیایەکی میدیایی ئاشکرا نییە و نازانرێت چۆن لە ئازادیی بیروڕا دەڕوانێت"، کە ئەمەش مەترسییە بۆ سەر ژیانی رۆژنامەنووسان.
