حکومەتی عیراق رایدەگەیەنێت 150 تیرۆرستی داعشیان لە رەگەزنامەی عیراقی و بیانی لە سوریا وەرگرتووەتەوە و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانیش رایدەگەیەنێت،هەفتەی داهاتوو ئەنجومەنی نوێنەران میوانداری وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و فەرماندە سەربازییەکان دەکات.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانی عیراق رایگەیاند: ئەنجومەنی وزاری بۆ ئاسایشی نیشتمانی لە کۆبوونەوەی نائاسایی خۆیدا، رەزامەندی نیشاندا بە وەرگرتنی ژمارەیەک لە تیرۆرستانی داعش کە پێشتر لە زیندانەکانی هێزەکانی سوریای دیموکرات بوون.
دەشڵێت: لە قۆناغی یەکەمدا 150 تیرۆرستی داعشمان لە لایەنی سوریا وەرگرتەوە، کە خەڵکی عیراق و کەسانی بیانیان تێدایە و دەستیان بە خوێنی هاووڵاتیانی سڤیل سورە، دواتریش ژمارەی قۆناغەکانی دیکەی وەرگرتنی تیرۆرستان دیاریدەکرێت.
لەلایەکی دیکەوە، عەدنان فەیحان جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق، رایگەیاند لە سەرەتای هەفتەی داهاتوودا، ئەنجومەنەکە لە دانیشتنێکی داخراودا میوانداری وەزیرانی بەرگری و ناوخۆ و فەرماندە سەربازییەکان دەکات، بۆ ئەوەی ئاگاداری ئامادەیی تەواوی هێزە ئەمنییەکان و پلانی بڵاوەپێکردن بین، بەتایبەت لەو دۆخەی کە باس لە هەڵاتنی چەندین تیرۆرست لە زیندانەکانی نزیک سنوور دەکرێت.
