Apora Logo

میری ئێزدییەکان لە دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا بانگەوازێکی ڕاگەیاند

میری ئێزدییەکان لە دژی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا بانگەوازێکی ڕاگەیاند

ئاپۆڕا نیوز - بەشی هەواڵ

22/1/2026

لە دژی هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی چەتەکانی جۆلانی و دەوڵەتی تورک، میرى ئێزدییەکان دەڵێت: نیگەرانی قوڵی خۆمان سەبارەت بە توندوتیژی و مەترسی لەسەر ژیان و ئاسایشی ڕۆژئاوا دەردەبڕین، داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی دەکەن بەرپرسیارێتی مرۆیی و یاسایی خۆیان بەرامبەر ڕۆژئاوا جێبەجێ بکەن.

بابا شێخ عەلی شێخ ئەلیاس، میرى ئێزدییەکان، سەبارەت بە هێرش و داگیرکەرییەکانى دەوڵەتى تورک و چەتەکانى جۆلانى بۆ سەر ڕۆژئاواى کوردستان، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە، بە نیگەرانییەکی زۆرەوە بەدواداچوون بۆ پەرەسەندنە سەربازییە بەردەوامەکان دەکەین، داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنجوومەنی ئاسایش، یەکێتی ئەورووپا، ڤاتیکان، ئەمریکا، فەڕەنسا، بەریتانیا، هەموو وڵاتانی کاریگەر و ڕێکخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان دەکەن، بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقیی و مرۆیی خۆیان جێبەجێ بکەن و ڕێوشوێنی دەستبەجێ و کاریگەر بگرنەبەر بۆ ڕاگرتنی دوژمنایەتییەکان، هەروەها پێویستە خەڵکی مەدەنی بپارێزن بنەماکانی یاسای مرۆیی نێودەوڵەتی و یاسای مافی مرۆڤ جێبەجێ بکەن.

جەخت لەسەر پێویستی فشاری دیپلۆماسی پێویست لەسەر هەموو لایەنەکانی ململانێ دەکاتەوە، بۆ ئەوەی ناچاریان بکات کە بەکارهێنانی توندوتیژی ڕابگرن و خۆیان لە بەئامانجگرتنی هاوڵاتیان بپارێزن، لە ڕێگەی گفتوگۆ و دانوستانی ڕاستەوخۆوە چارەسەری سیاسیی ئاشتییانە بەدواداچوون بکەن، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ کەمکردنەوەی ئازارەکانی مرۆڤ و بەرزکردنەوەی ئاسۆی سەقامگیری و ئاشتی بەردەوام لە سووریا.

میرى ئێزدییەکان جەخت لەسەر گرنگیی دەستەبەرکردنی پاراستنی تەواوی کەمە ئایینی و نەتەوەییەکان لە ناوچەکەدا دەکاتەوە، بەتایبەتی ئێزدی و مەسیحی و کوردی موسڵمان لەگەڵ هەموو گرووپە ئایینی و نەتەوەییەکانی تر، هەروەها جەخت لەسەر پاراستنی مافە بنەڕەتییەکانیان و ڕێگریکردن لە هەر جۆرە پێشێلکارییەک یان ئامانجکردنێک دەکاتەوە، بەپێی ڕێکەوتننامەنێودەوڵەتییەکان.


;