پەرلەمانتارێکی پارتی گەلی کۆماری (CHP) هۆشدارییەکی توند دەداتە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی سوریا لە ڕێگەی بەکارهێنانی دەقە ئاینییەکانەوە، زەمینەسازی بۆ کۆمەڵکوژکردنی کورد لە باکووری ئەو وڵاتە دەکات.
ئینان ئاکگیون، پەرلەمانتاری جەهەپە لە ناو پەرلەمانی تورکیا ڕایگەیاند: "سەرۆکایەتی کاروباری ئایینیی سوریا، سورەتی ئەنفالی بۆ وتاری ناو مزگەوتەکان ناردووە بۆ ئەوەی دژ بە کورد بەکاریبهێنن. ئەمە هەمان ئەو سیاسەتە مەترسیدارەیە کە سەدام حسێن لە عێراق بۆ قڕکردنی کورد پەیڕەوی کرد."
ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەش کرد، کاتێک دەوڵەتێک پەنا بۆ چەمکەکانی وەک "فتوحات، تەکبیر و جیهاد" دەبات لە کاتی کوشتنی کورددا، ئەوە ناچێتە چوارچێوەی "هونەری سیاسەت"، بەڵکو بانگەوازێکی ڕاشکاوە بۆ ئەنجامدانی جینۆساید.
ئاکگیون جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە گوتارە ئاینییانە، ئامانجی ڕاستەقینەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی باکووری سوریا (ڕۆژئاوای کوردستان) ئاشکرا دەکەن.
وتیشی: "مێژوو هێشتا لەبیری نەکردووە چۆن سورەتی ئەنفال وەک چەکێک بۆ کوشتنی کورد بەکارهێنرا، ئێستاش دووبارەبوونەوەی ئەو دیمەنە نیشانەی ئامادەکارییە بۆ کۆمەڵکوژییەکی نوێ."
