دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە هەڕەشەیەکی بێپێشینە و تونددا بەرامبەر تاران ڕایگەیاند، هەر هەوڵێکی ئێران بۆ تیرۆرکردنی، دەبێتە هۆی "سڕینەوەی ئەو وڵاتە لەسەر ڕووی زەوی".
ترەمپ، ئەمڕۆ چوارشەممە (21ی کانوونی دووەمی 2026)، لە چاوپێکەوتنێکی میدیاییدا بەبۆنەی تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر دەستبەکاربوونی بۆ خولی دووەمی سەرۆکایەتی، ئاشکرای کرد کە "فەرمانی زۆر توند و ڕوونی" ئاراستەی سەرکردە سەربازییەکانی وڵاتەکەی کردووە.
سەرۆکی ئەمریکا لە پەیامەکەیدا هێڵێکی سووری نوێی کێشا و جەختی کردەوە کە وەڵامدانەوەی وڵاتەکەی تەنها بۆ سەرکردەکان یان گروپە چەکدارە دیاریکراوەکان نابێت، بەڵکو وتی: "ئەگەر هەر هەوڵێک بۆ تیرۆرکردنم ئەنجام بدرێت، وەڵامەکەمان تەواوی ئەو وڵاتە (ئێران) دەگرێتەوە."
ترەمپ دووپاتی کردەوە کە ئامادەکارییەکان تەواو کراون و وڵاتەکەی لەوپەڕی ئامادەییدایە بۆ وەڵامدانەوەیەکی "دەستبەجێ و کوشندە".
لە درێژەی قسەکانیدا پەیامێکی یەکلاکەرەوەی ئاراستەی تاران کرد و وتی: "ئەگەر هەر شتێک ڕوو بدات، ئێران بەتەواوی وێران دەکرێت؛ من ڕێنمایی زۆر ڕوونم لەو بارەیەوە دەرکردووە."
