(هەسەدە) رایگەیاند، شەوی رابردو لە چەند بەرەیەكەوە گروپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق تێكشكێندراون و رێگری لە پێشڕەویەكانیان لەسنوری كۆبانێ كراوە.
ناوەندی راگەیاندنی هەسەدە لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، لە كاتژمێرەكانی سەرەتای بەیانی ئەمڕۆ، لە نێوان كاتژمێر 3:00 بۆ 6:00ی بەیانی، لە بەرەی سڕین لە باشوری كۆبانی، گروپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق دوو هێرشی یەك لە دوای یەكیان ئەنجامدا،ئەوەش هاتووە، هێزەكانمان ئازایانە هەردو هێرشەكەیان بەرپەرچ دایەوە، شەڕ و پێكدادانەكانی ئەو بەرەیەش بوە هۆی لەناوبردنی ژمارەیەكی زۆر لە ئۆتۆمبێلە سەربازییەكانیان و زرێپۆشی هەڵگری چەكدارەكانیان و كوژرانی ئەوانەی لەناویاندا بون.
باس لەوەشكراوە، لە بەرەی ئەبو سڕە هێزەكانیان هێرشێكی وردیان كردە سەر یەكێك لە كاروانی ئۆتۆمبێلەكانی گروپە چەكدارەكانی سەر بە دیمەشق ناچاریان كرد پاشەكشە بكات و هەڵبێن، هەروەها هەوڵێكی دیكەی پێشڕەوی لە میحوەری گوندی خان مامەد لە باشوری ڕۆژهەڵاتی كۆبانی پوچەڵكرایەوە، كە دوژمن زیانێكی زۆری بەركەوت كە پلانەكەیان پوچەڵكردەوە و ناچاریان كرد بكشێنەوە.
هەسەدە رونیشیكردۆتەوە، هێزەكانمان، هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و یەكینەكانی پاراستنی ژنان (یەپەژە)، ئامادەیی تەواویان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی هەر دەستدرێژییەك دوپاتدەكەنەوە و بە ئیرادەیەكی بێوچان بەردەوام دەبن لە بەرگریكردن لە گەلەكەیان و خاكەكەیان.
