Apora Logo

هەسەدە 26 زیندان بەڕێوەدەبات کە 12 هەزار داعشی تێدایە

هەسەدە 26 زیندان بەڕێوەدەبات کە 12 هەزار داعشی تێدایە

ئاپۆڕا نیوز - بەشی هەواڵ

20/1/2026

لە راپۆرتێکدا چەندین زانیاری لەبارەی ئەو زیندانانە دەخرێتە روو کەلەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بەڕێوەدەبرێن، کە زیاتر لە ١٢ هەزار چەکداری داعشیان تێدایە و نزیکەی سێ هەزاریشیان زیندانی بیانین.


وەک لە راپۆرتەکەدا هاتووە: هەسەدە سیستمێکی فراوانی گرتووخانە بەڕێوەدەبات، کە (٢٦) زیندان لەخۆدەگرێت و لەژێر کۆنترۆڵی خۆیدایە، تیایاندا (١٢) هەزار زیندانیی چەکدارانی داعش دەستبەسەر کراون، کە لەنێوانیاندا (٢٥٠٠ بۆ ٣٠٠٠) زیندانییان بیانین و خەڵکی (٥٤) دەوڵەتی جیاوازن و بەسەر (٧) زینداندا دابەشکراون.


ئەوەش هاتووە: گەورەترینیان زیندانی (غوێران)ە لە حەسەکە، کە (٥٠٠٠) دەستبەسەرکراوی تێدایە، هەروەها زیندانی شەدادی لە حەسەکە، جەرکین لە قامیشلۆ، زیندانی دێریک لە مالیکییە و زیندانی کامپی ڕۆژ، جگە لە ناوەندەکانی دەستبەسەرکردن لە ڕەقە و دێرەزوور و دوو زیندان لە ناو هەردوو کامپی هۆڵ و ڕۆژدا.


ئاماژە بەوەش کراوە: مەلەفی زیندانەکانی هەسەدە بەو قەبارە و ژمارە زۆرانەوە، جارێکی دیکە داعش، وەک هەڕەشەیەکی بەردەوام و کۆتایی پێنەهاتوو نیشان دەداتەوە بەتایبەت، کە ڕژێمی دڕندە و تیرۆریستی دیمەشق بە ڕاستەوخۆ و بەناڕاستەوخۆش پەلاماری زیندانەکان دەدات و پشێوی دەنێتەوە و دەیەوێت ئازادیان بکات، ئەمە بێجگە لە کەمتەرخەمی زۆری ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە جێبەجێکردنی ئەرکەکانی سەرشەنیان بەرامبەر بەو دۆسییە مەترسیدارە. هەموو ئەمانەش ترسەکان لەگەڕانەوەی ڕێکخراوەکە بۆ پێشەوەی ڕووداوەکان زیاتر دەکات.


ئەوەش راگەیەندراوە: پەلاماری ڕژێمی سوریا بۆ سەر هەسەدە ڕەنگە ببێتەهۆی دزەکردنی توخمە تیرۆریستییەکان لە سنوورەکانەوە و چالاکبوونەوەی شانە نووستووەکان لە ناوخۆی عیراق و ناوچەکە، پێویستە لەسەر بەغداد ئاستی هۆشداریی مەترسییەکان لەسەر سنوورە ڕۆژئاواییەکان بۆ بەرزترین پلە بەرزبکاتەوە، باری نائاسایی هەواڵگری ڕابگەیەنێت و هەماهەنگییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکان کارا بکات، چونکە ئەو دۆسیەیە مەترسییەکی بەردەوامە لەسەر ئاسایش لە ناوچەکەدا.

;