رامی عەبدولرەحمان، بەڕێوەبەری ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند، خاڵی گۆڕان لە پەیوەندیی نێوان هەسەدە و هێزەکانی هاوپەیمانان لەسەر پرسی "حەشدی شەعبی" بووە. هاوپەیمانان مەرجێکی قورسیان خستووەتە بەردەم هەسەدە "دەبێت لە داهاتوودا ببنە بەشێک لە شەڕی دژ بە حەشدی شەعبی لە تەنیشت گروپە چەکدارەکانی سوپای ئەحمەد شەرع".
بەپێی زانیارییەکانی سەرۆکی ڕوانگەی سووری، هەسەدە بە ڕوونی ئەم داوایەی ڕەتکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە کە ئەرکی ئەوان پاراستنی ناوچەکانی خۆیانە، نەک چوونە ناو جەنگێکی ئیقلیمی دژ بە هێزە عێراقییەکان، ئەم ڕەتکردنەوەیەش بووەتە هۆی ئەوەی
ئەمریکا و هاوپەیمانان پشتیوانییە ڕەهاکانیان بۆ هەسەدە کەم بکەنەوە، هەروەها ڕێگەیان خۆشکردوە بۆ هێزەکانی تر تا هێرش بکەنە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە.
ڕامی عەبدولڕەحمان ئاماژە بەوە دەکات، کە ئازادکردنی چەکدارانی داعش لە زیندانەکان ڕێکەوت نییە، بەڵکو بۆ مەبەستێکی سیاسیییە، بەکارهێنانیانە وەک هێزێکی شەڕکەر لەو شوێنانەی کە هەسەدە ئامادە نەبووە شەڕیان تێدا بکات، هەروەها بۆ ئامادەکردنی ئەم گروپانەیە بۆ ئەوەی لە داهاتوودا ڕەوانەی ناوخۆی عێراق بکرێنەوە بۆ ئەوەی بەرەیەکی نوێی شەڕ دژی حەشدی شەعبی و سوپای عێراق بکەنەوە.
بە پێی ئەم زانیاریانە بێت عێراق لەبەردەم هەڕەشەیەکی جددی دایە و دەری دەخات کە گۆڕانکارییەکانی سووریا تەنها پەیوەست نین بە ناوخۆی ئەو وڵاتە، بەڵکو گەورەترن، چونکە "ئازادکردنی زیندانیانی داعش تەنها شکستی ئەمنی نییە، بەڵکو سەرەتای پڕۆژەیەکی نوێیە بۆ گواستنەوەی ناسەقامگیری بۆ ناو خاکی عێراق."
