Apora Logo

نهێنییەکانی پاشەکشێی ترەمپ لە هێرشکردنە سەر ئێران

نهێنییەکانی پاشەکشێی ترەمپ لە هێرشکردنە سەر ئێران

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

19/1/2026

لە کاتژمێرەکانی سەرەتای ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو، وا بڕیار بوو ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست شایەتی هێرشێکی بەرفراوانی ئەمریکا بێت بۆ سەر تاران. بەرپرسانی سەربازی و دیپلۆماتکاران چاوەڕێی دەستپێکردنی بۆردومانەکان بوون، بەڵام لەناکاو بڕیارەکە گۆڕدرا. ڕاپۆرتێکی ماڵپەڕی "ئەکسیۆس" پەردە لەسەر ئەو هۆکارانە لادەدات کە وایان لە ترەمپ کرد لە دواساتدا پەنجەی لەسەر پەلەپیتکەی جەنگ هەڵبگرێت.


هۆکارە سەرەکییەکانی

پاشەکشێی ترەمپ؛


1. هۆشدارییە توندەکەی نەتانیاهۆ:

پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەلایەن بنیامین نەتانیاهۆوە ڕۆڵێکی یەکلاکەرەوەی هەبوو. نەتانیاهۆ بە ترەمپی ڕاگەیاندووە کە ئیسرائیل لەو ساتەدا ئامادە نییە بۆ بەرگریکردن لە خۆی بەرامبەر پەرچەکرداری ئێران، بەتایبەت کە ئەمریکا لەو کاتەدا کەرەستەی سەربازی پێویستی لە ناوچەکەدا نەبوو بۆ تێکشکاندنی مووشەک و درۆنەکانی ئێران.


2. کەناڵی دیپلۆماسی نهێنی:

لە کاتێکدا هەمووان چاوەڕێی جەنگ بوون، "ستیڤ ویتکۆف" نێردەی تایبەتی ترەمپ لەگەڵ "عەباس عێراقچی" وەزیری دەرەوەی ئێران لە پەیوەندیدا بوون. عێراقچی نامەیەکی بۆ ناردووە و تێیدا بەڵێنی داوە کە "کوشتار و لەسێدارەدانی خۆپیشاندەران ڕابگرن"، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە لای ترەمپ هەژمار کرا.


3. کەمیی کەرەستە و هێزی سەربازی:

بەهۆی ئەوەی ئەمریکا لە مانگەکانی ڕابردوودا بەشێکی زۆری هێزەکانی بۆ ناوچەی کارایبی و ڕۆژهەڵاتی ئاسیا گواستبووەوە، فەرماندە سەربازییەکان هۆشدارییان دا کە ڕەنگە نەتوانن وەک پێویست بەرپەرچی هێرشە پێچەوانەکانی ئێران بدەنەوە.


4. گومانی ڕاوێژکارەکان:

هەرچەندە کەسانێکی وەک جەی دی فانس و مارکۆ ڕۆبیۆ بژاردە سەربازییەکانیان بۆ خستە ڕوو، بەڵام دڵنیایی نەبوو لەوەی کە ئایا ئەو هێرشانە تا چەند کاریگەر دەبن لە ڕوخاندنی ڕژێم یان تەنها دەبنە هۆی هەڵگیرساندنی جەنگێکی گەورە.


کڕۆنۆلۆژیای ڕووداوەکان:


2ی کانوونی دووەم: ترەمپ هەڕەشەی دەستوەردانی کرد ئەگەر خۆپیشاندەران بکوژرێن.


9ی کانوونی دووەم: جەی دی فانس، یەکەم کۆبوونەوەی باڵای بۆ تاوتوێکردنی بژاردەی سەربازی ئەنجامدا.


13ی کانوونی دووەم: ترەمپ لە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان بژاردە سەربازییەکانی (هێرش لە دەریا و ژێر دەریاییەکانەوە) بڕیار لێدا، بەڵام واژۆی کۆتایی نەکرد.


14ی کانوونی دووەم (ڕۆژی یەکلاکەرەوە): لە کاتێکدا فڕۆکەخانەی "عەدید" لە قەتەر چۆڵ دەکرا و ئێران ئاسمانی خۆی داخرابوو، ترەمپ بڕیاری دا چاوەڕێ بکات و وتی: "دەتوانین بە خێرایی بجوڵێین، بەڵام ئێستا نا."


دەرەنجام:

ترەمپ بۆ ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند کە "کەس قەناعەتی پێ نەکردووم پاشەکشێ بکەم، بەڵکو خۆم، خۆمم قەناعەت پێکردووە." هەرچەندە ئێستا دۆخەکە هێور بووەتەوە، بەڵام بەرپرسانی کۆشکی سپی دەڵێن بژاردەی سەربازی هێشتا لەسەر مێزە و ڕەنگە لە هەفتەکانی داهاتوودا هەموو شتێک بگۆڕێت.

;