Apora Logo

مارک ساڤایا: ڕاوەدوونانی میلیشیاکان و سەقامگیریی عێراق لە ئەولەوییەتە کارەکانی ئەمریکا دایە

مارک ساڤایا: ڕاوەدوونانی میلیشیاکان و سەقامگیریی عێراق لە ئەولەوییەتە کارەکانی ئەمریکا دایە

ئاپۆڕانیوز - بەشی هەواڵ

19/1/2026

مارک ساڤایا، نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترمپ بۆ کاروباری عێراق، جەخت لەسەر ستراتیژییەکی نوێ دەکاتەوە کە بنەماکەی پاراستنی سەروەریی عێراق و بنبڕکردنی هەژموونی میلیشیاکانە.


مارک ساڤایا لە پەیامێکی نوێدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X)، ئاشکرای کرد کە کۆبوونەوەیەکی "زۆر سەرکەوتوو"ی لەگەڵ تۆڵسی گابارد، بەڕێوەبەری هەواڵگری نیشتمانی ئەمریکا و جۆ کێنت، بەڕێوەبەری ناوەندی نیشتمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر ئەنجام داوە.


ساڤایا گوتیشی، لە کۆبوونەوەکەدا باس لە کۆمەڵێک پرسی هەستیار کراوە کە گرنگترینیان بریتی بوون؛ لێکۆڵینەوە لە ڕۆڵی ئەو میلیشیایانەی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن و ئەو تۆڕانەی پەیوەندییان پێوە هەیە، هەروەها جەختکردنەوە لەسەر بەردەوامیدان بە هەوڵەکانی حکومەتی عێراق لە بوارەکانی پاراستنی سنوور، بنبڕکردنی قاچاخی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی، جگە لەوەش کارکردن بۆ ئەوەی عێراق خاوەن بڕیار و سەقامگیرییەکی ڕاستەقینە بێت.


نێردراوەکەی ترمپ ڕاشیگەیاند، کە لەژێر سەرکردایەتی سەرۆک دۆناڵد ترمپ، پابەندن بە ئاشکراکردن و ڕاوەدوونانی هەر سەرپێچییەک لە هەر شوێنێک بێت.

ئامانجی سەرەکی ئەم هەوڵانەش خزمەتکردنە بە خۆشگوزەرانی و ئاسایشی گەلی عێراق.


ساڤایا لە کۆتایی پەیامەکەیدا وتی: "گەلی عێراق، جارێکی تر عێراق مەزن دەکەنەوە."

;