سیناتۆری ناسراوی کۆمارییەکانی ئەمریکا، لیندزی گراهام، ڕەخنە و گومانی خۆی لەبارەی ڕێککەوتنی نوێی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی ڕاگوزەری سووریا دەربڕی و ڕایگەیاند کە واشنتن هێشتا وردەکاری تەواوی لەبەردەست نییە.
لیندزی گراهام کە بە یەکێک لە دۆستە نزیکەکانی هەسەدە لە کۆنگرێس دەناسرێت، چەند پرسیارێکی جدی ئاڕاستەی ئیدارەی ئەمریکا و لایەنە پەیوەندیدارەکان کردووە:
1- ئایا ڕێککەوتنەکە جگە لە تورکیا، لەگەڵ هیچ هاوبەشێکی ناوچەیی (وەک ئیسرائیل) تاوتوێ کراوە؟
2- ڕۆڵی هێزەکانی تورکیا لە پێشڕەوییەکانی ئەمدواییەدا چی بووە و ئایا لە داهاتوودا لە سووریا دەمێننەوە؟
3- چارەنووسی ئەو هاوبەشییە ستراتیژییەی نێوان ئەمریکا و هەسەدە چی بەسەر دێت کە ساڵانێکە بۆ تێکشکاندنی داعش پێکهێنراوە؟
ئەم ڕێککەوتنە دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد و پێشڕەوییە خێراکانی حکومەتی ڕاگوزەر بە سەرۆکایەتی ئەحمەد شەرع دێت. لە کاتێکدا دیمەشق وەک هەنگاوێک بۆ یەکپارچەیی سووریا سەیری دەکات، بەڵام هێشتا گەرەنتییەکان بۆ پاراستنی مافی پێکهاتەکان و وردبینییە ئەمنییەکان جێگەی مشتومڕن.
