بەرەی گەل خاوەن دوو کورسی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانە و لە ئێستادا مەرجیان هەیە بۆ چوونە ناو هاوپەیمانی نێوان یەکێتی نیشتمانی کوردستان و جوڵانەوەی نەوەی نوێ و سەرکردەیەکی بەرەکە دەڵێت "ئەگەر دۆخەکە بۆ پێش ٢٢ ئاب و ٨ تەمووز بگەڕێتەوە، ئامادەین گفتوگۆ بکەین".
یەک شەممە، ١٨ کانوونی دووەم ٢٠٢٦، شادمان مەلا حەسەن، سەرکردەی بەرەی گەل قسەی بۆ دوو میدیای نزیک لە پارتی کردوە و ڕایگەیاندوە "بەرپرسانی باڵا و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانمان لەلایەن هێزەکانی یەکێتییەوە دەستگیرکراون و دەست بەسەر موڵک و ماڵی حیزبەکەدا گیراوە، هەلومەرجی گفتوگۆ لەبار نییە و کەی کەیسی لالەزار یەکلاییکرایەوە، ئەوکات بیر لە هاوپەیمانێتیی دەکەینەوە".
ئەو سەرکردەیەی بەرەی گەل ئاماژەی بە گرنگی دوو کورسیەکەیان کردوە و بە کورسی یەکلاکەرەوە بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان باسی کردوون.
١٧ کانوونی دووەم، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کە بە هەردووکیان خاوەن ٣٨ کورسیان کۆبونەوە و ڕاینگەیاند "داوا لە لایەنەکانی دیکەی ئۆپۆزسیۆن دەکەن پێکەوە ڕێکبکەون و پەرلەمان کارا بکەنەوە".
