🔴بەندەکانی ڕێککەوتنامەی ئاگربەست و تێکەڵبوونی تەواوەتی نێوان حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە):
🔸ئاگربەستێکی گشتگیر و دەستبەجێ لە هەموو بەرەکان و خاڵەکانی بەریەککەوتنی نێوان هێزەکانی حکومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات، هاوتەریب لەگەڵ کشانەوەی تەواوی پێکهاتە سەربازییەکانی سەر بە "هەسەدە" بۆ ناوچەی ڕۆژهەڵاتی فوڕات وەک هەنگاوێکی بەرایی بۆ دووبارە بڵاوەپێکردنەوەیان.
🔸 ڕادەستکردنی هەردوو پارێزگای دێرەزوور و ڕەقە لە ڕووی کارگێڕی و سەربازییەوە بە حکومەتی سووریا بە شێوەیەکی تەواوەتی و دەستبەجێ؛ ئەمەش وەرگرتنی هەموو دامەزراوە و بنکە مەدەنییەکان دەگرێتەوە، لەگەڵ دەرکردنی بڕیاری دەستبەجێ بۆ جێگیرکردنی فەرمانبەرانی ئێستا لەناو وەزارەتە تایبەتمەندەکانی دەوڵەتی سووریا، و پابەندبوونی حکومەت بەوەی ڕووبەڕووی فەرمانبەران و شەڕڤانانی هەسەدە و ئیدارەی مەدەنی لەو دوو پارێزگایە نەبێتەوە.
🔸 تێکەڵکردنی هەموو دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە لەناو دامەزراوەکانی دەوڵەتی سووریا و پێکهاتە کارگێڕییەکانیدا.
🔸 وەرگرتنی تەواوی دەروازە سنوورییەکان و کێڵگەکانی نەوت و گاز لە ناوچەکەدا لەلایەن حکومەتی سووریاوە، و دابینکردنی پاراستنیان لەلایەن هێزە نیزامییەکانەوە بۆ دەستەبەرکردنی گەڕانەوەی سەرچاوەکان بۆ دەوڵەتی سووریا.
🔸 تێکەڵکردنی هەموو ئەندامە سەربازی و ئەمنییەکانی "هەسەدە" لەناو پێکهاتەی وەزارەتەکانی بەرگری و ناوخۆی سووریا بە شێوەی "تاکەکەسی" دوای ئەنجامدانی وردبینی ئەمنی پێویست، لەگەڵ پێدانی پلەی سەربازی و شایستە دارایی و لۆجستییەکان بەپێی یاسا، شانبەشانی پاراستنی تایبەتمەندی ناوچە کوردییەکان.
🔸 سەرکردایەتی هەسەدە پابەند دەبێت بەوەی پاشماوەکانی ڕژێمی پێشوو (مەبەست لێی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنی پێشووە) بۆ ناو ڕیزەکانی وەرنەگرێت و لیستێک بە ناوی ئەو ئەفسەرانەی پاشماوەی ڕژێمی پێشوون و لە ناوچەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا نیشتەجێن، ڕادەست بکات.
🔸 دەرکردنی مەرسوومێکی سەرۆکایەتی بۆ دەستنیشانکردنی کاندیدێک بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری حەسەکە، وەک گەرەنتییەک بۆ بەشداری سیاسی و نوێنەرایەتی ناوخۆیی.
🔸 چۆڵکردنی شاری "عەین ئەلعەرەب / کۆبانی" لە دیاردە سەربازییە قورسەکان، و پێکهێنانی هێزێکی ئەمنی لە کوڕانی شارەکە، و هێشتنەوەی هێزێکی پۆلیسی ناوخۆیی کە لە ڕووی کارگێڕییەوە سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سووریا بێت.
🔸 تێکەڵکردنی ئەو ئیدارەیەی بەرپرسە لە دۆسیەی زیندانیان و کەمپەکانی ڕێکخراوی داعش، جگە لەو هێزانەی بەرپرسن لە پاراستنی ئەو بنکانە، لەگەڵ حکومەتی سووریا، بۆ ئەوەی حکومەتی سووریا بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەمنییان بە تەواوەتی بگرێتە ئەستۆ.
