هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاماژە بەوە دەکات سوپای سوریا ڕێككەوتنی ئاگربەستی نێوانیانی پێشێلكردوە،
داواش دەکات هێزی نێودەوڵەتی دەستێوەردان بکات.
دەقی ڕاگەیەنراوەکە؛
لە ناوچەی دبسی عەفنان لە ڕۆژئاوای ڕەقە، پێکدادان ڕوویدا دوای ئەوەی گروپەکانی سەر بە حکومەتی دیمەشق کردەوەیەکی غەدرئامێزیان ئەنجامدا و هێرشیان کردە سەر خاڵەکانی هێزەکانمان، ئەمەش وەک پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەو ڕێککەوتنەی کە بە چاودێری نێودەوڵەتی واژۆ کراوە.
بەپێی دەقی ڕێککەوتنەکە، بڕیار وابوو ئاگربەست ڕابگەیەنرێت و مۆڵەتی 48 کاتژمێر بدرێت بۆ کشانەوەی هێزەکانمان لە شارەکانی دێر حافر و مەسکنە، بەڵام حکومەتی دیمەشق پێش تەواوبوونی مۆڵەتەکە و کشانەوەی هێزەکان، کاروانی سەربازی و چەکی قورس و تانکی هێناوەتە ناوچەکە و هێرشی کردووەتە سەر شەڕڤانانمان، کە بەهۆیەوە ژمارەیەک شەڕڤانمان شەهید بوون.
ئێمە ئەو لایەنانەی کە ڕێککەوتنەکەیان شکاندووە و غەدریان لە هێزەکانمان کردووە، بە بەرپرسیاری تەواوی ئەم پەرەسەندنانە دەزانین. هەروەها هێزە نێودەوڵەتییە چاودێرەکان بە بەرپرسیار دەزانین لە بەرامبەر ئەوەی ڕوو دەدات و داوای دەستوەردانی دەستبەجێیان لێ دەکەین بۆ ڕاگرتنی پێشێلکارییەکان و ڕێگریکردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری دۆخەکە.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (HSD)
17ی کانوونی دووەمی 2026
