دۆخی مەیدانی لە نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای سووریا بەرەو گرژی دەچێت. هەردوولا لەبارەی چۆنیەتی کۆنترۆڵکردنی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی حەلەب، یەکتری بە شکاندنی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکان تۆمەتبار دەکەن.
ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە بەیاننامەیەکدا هۆشداریی توندی دا و ڕایگەیاند، هێزەکانی حکومەتی سووریا بەرلە تەواوبوونی پڕۆسەی کشانەوەی شەڕڤانان، چوونەتە ناو هەردوو شاری "دێر حافر" و "مەسکەنە".
هەسەدە ئاماژەی بەوە کردووە کە بەپێی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکە، دەبوو سوپای سووریا چاوەڕێ بکات تا پڕۆسەی کشانەوە بە تەواوی کۆتایی دێت، بەڵام ئەم هەنگاوەی دیمەشق دۆخێکی مەترسیداری هێناوەتە ئاراوە. هەسەدە داوای لە هێزە نێودەوڵەتییەکان کردووە فشار بخەنە سەر دیمەشق بۆ پابەندبوون بە بنەماکانی ڕێککەوتنەکە.
لە بەرانبەردا، فەرماندەیی سوپای سووریا هەسەدەی بەوە تۆمەتبار کرد کە "تەقەیان لە دەورییەکی سەربازی کردووە" لە نێوان دێر حافر و مەسکەنە. بەپێی ڕاگەیەندراوی سوپای سووریا، لەو هێرشەدا دوو سەرباز کوژراون و چەند سەربازێکی دیکەش بریندار بوون.
سوپای سووریا جەختی کردەوە کە ئێستا بە تەواوی کۆنترۆڵی ئەو دوو ناوچەیەی کردووە و هێزەکانی هەسەدە بەرەو کەناراوەکانی ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فوڕات پاشەکشەیان کردووە.
ئەم گرژییە دوای ئەوە دێت کە ڕێککەوتنێک بە چاودێری لایەنە نێودەوڵەتییەکان واژۆ کرا بۆ ئەوەی هەسەدە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای فوڕات بکشێتەوە و هێزەکانی حکومەت شوێنیان بگرنەوە، بەڵام پێکدادانی ئەمڕۆ و تۆمەتبارکردنی یەکتری، ترسی دروستبوونی شەڕی نوێی لە ناوچەکەدا زیاد کردووە.
