بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە، مارک ساڤایا نێردەی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری عێراق گەیشتە شاری هەولێر. ئەم سەردانە لە چوارچێوەی جووڵەیەکی دیپلۆماسی بەرفراوانتری ئەمریکادایە سەبارەت بە دۆسیەکانی عێراق و سووریا.
هاوکات بڕیارە هەر ئەمڕۆ تۆم باراک، نوێنەری ترەمپ بۆ کاروباری سووریا، بگاتە هەولێر و کۆبوونەوەیەکی گرنگ لەگەڵ مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ئەنجام بدات.
لە کۆبوونەوەکەدا بڕیارە تاوتوێی دۆخی سووریا بکرێت لە ژێر تیشکی ئەو گرژییە سەربازییانەی ئێستا لە ئارادان.
ترەمپ لە 19ی تشرینی یەکەمی 2025، مارک ساڤای وەک نێردەی تایبەت بۆ کاروباری عێراق دەستنیشان کرد، کە سەرمایەدارێکی ئەمریکیی بە ڕەچەڵەک عێراقییە.
لە نوێترین لێدوانیدا کە پێش سەردانەکەی بۆی گەڕێندراوەتەوە، ڕایگەیاندووە کە مامەڵە لەگەڵ "بڕیاردەرە گونجاوەکان" لە عێراقدا دەکات. هەروەها پێشتریش ئاماژەی بەوە کردبوو کە "گۆڕانکاری گەورە لەڕێگەیە" و جەختی لەسەر بنەمای "کردار نەک تەنها قسە" کردبووەوە.
