Apora Logo

ڕۆژی شەممە تۆم باراک لەهەولێر لەگەڵ مەزڵوم عەبدی کۆدەبێتەوە

ڕۆژی شەممە تۆم باراک لەهەولێر لەگەڵ مەزڵوم عەبدی کۆدەبێتەوە

ئاپۆڕا نیووز-هەواڵ

16/1/2026

رۆژنامەی ئەلمۆنیتەر بڵاویکردەوە، سبەی شەممە ١٧ ی کانوونی دووەم تۆم باراک نوێنەری سەرۆکی ئەمەریکا بۆ سوریا لەگەڵ مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە لە هەولێری پایتەختی باشوری کوردستان لە بارەی گرژییەکانی ئەم دواییەوە کۆدەبنەوە.


ئەمۆنیتەر باس لەوە دەکات ئەو کۆبوونەوەیە لە چوارچێوەی هەوڵەکانی ئەمریکادایە بۆ ڕێگرتن لە هەڵگیرسانی ململانێیەکی سەربازیی بەرفراوان لە نێوان هێزەکانی شەرع و هێزەکانی سووریای دیموکرات.


ئەو کۆبوونەوەیە دوای ئەوە دێت کە ئەمڕۆ هەینی ١٦ ی کانوونی دووەم وەفدێکی سەربازی ئەمەریکا بە هاوڕێیەتی وەفدیكی هەسەدە سەردانی ناوچەی دێرحافریان لە بەری رووباری رۆژئاوای فورات کرد کە مەیدانی شەڕی قورسی نێوان هێزەکانی شەرع و هەسەدەیە لە ئێستادا.


تۆم بارک لە نوێترین لیدوانیدا لە بارەی شەڕی نێوان هەسەدەو هێزەکانی شەرعەوە ە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس ڕایگەیاند "ئەمریکا لە پەیوەندییەکی نزیکدایە لەگەڵ هەموو لایەنەکانی سوریا و بەردەوامە، بە درێژایی کاتژمێر کاردەکات بۆ هێواشکردنەوەی دۆخەکە و ڕێگریکردن لە زیادبوونی ئاڵۆزیەکان و گەڕانەوە بۆ گفتوگۆ لە نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات".


تا ئێستا هیچ لایەنێکی بەشدار بووی کۆبوونەوەکە ئەنجامدانی ئەو کۆبوونەوەیەیان پشتڕاستنەکردۆتەوە، هەتا هەرێمی کوردستانیش لەو بارەیەوە هیچی نەوتووە.

;