Apora Logo

تۆنی کروس: بەرشەلۆنە نابێتە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا

تۆنی کروس: بەرشەلۆنە نابێتە پاڵەوانی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا

ئاپۆڕانیوز : بەشی وەرزش

16/1/2026



 تۆنی کروس، ئەفسانەی یانەی ڕیال مەدرید، تەحەدای یانەی ڕکابەر (بەرشەلۆنە) دەکات و ئاماژە بەوە دەدات کە ناتوانن نازناوی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپا بەدەستبهێنن، سەرەڕای باڵادەستییە ناوخۆییەکانی ئێستایان.


بەرشەلۆنە یەکەم نازناوی ئەم وەرزەی بەدەستهێنا کاتێک یەکشەممەی ڕابردو لە یاری کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا لە شاری جەددە، بە ئەنجامی 3-2 لە ڕیال مەدریدی بردەوە.


بەرشە بە کۆکردنەوەی 49 خاڵ لە پێشەنگی ڕیزبەندی خولی ئیسپانیادایە و دوای تێپەڕبونی 19 گەڕ، بە جیاوازی 4 خاڵ لە پێش ڕیال مەدریدی پلەی دوەمەوەیە.


هێشتا بەرشەلۆنە دەتوانێت "سیانەی ناوخۆیی" ئەم وەرزە بباتەوە، چونکە بڕیارە ئەمشەو پێنجشەممە لە قۆناغی 16ی جامی شای ئیسپانیا بەرانبەر ڕاسینگ سانتاندێر یاری بکات.


سەرەڕای ئەم باڵادەستییە ناوخۆییە، کروس کە لە ساڵی 2014 تاوەكو 2024 لە ڕیال مەدرید یاری کردوە، پێشبینی ناکات بەرشەلۆنە نازناوە ئەوروپییەکە بباتەوە.


کروس لە لێدوانێکدا کە ڕۆژنامەی "مارکا" بڵاوی کردوەتەوە، وتی: هیچ نازناوێکی کیشوەری نابەنەوە، لانی کەم ئەمە ئەوەیە کە من بڕوام پێیەتی.


کروس وتیشی: رەنگە لە بەدەستهێنانی نازناوە ناوخۆییەکاندا سەرکەوتو بن، بەڵام لەسەر ئاستی ئەوروپا نا، و ئاماژەی بە گەورەیی ئەو تەحەدایە کرد کە لە خولی یانە پاڵەوانەکاندایە.


ئەو یاریزانە ئەڵمانییە ڕونیکردەوە: بەرشەلۆنە هێشتا بە نازناوی جامی سوپەری ئیسپانیا دڵخۆشە، بەڵام ئێستا خولی یانە پاڵەوانەکان دێت، کە تێیدا ڕوبەڕوی ڕکابەری ئاست بەرز دەبنەوە.


یانە کەتەلۆنییەکە دوای ئەنجامدانی 6 یاری، بە کۆکردنەوەی 10 خاڵ لە پلەی 15یەمی قۆناغی خولی یانە پاڵەوانەکانی ئەوروپادایە.

;