Apora Logo

شەڕێکی گەورە بەرۆکی ڕۆژئاوا دەگرێت

شەڕێکی گەورە بەرۆکی ڕۆژئاوا دەگرێت
خالید قادرخالید قادر

خالید قادر

16/1/2026

دۆخی ڕۆژئاوای کوردستان لە پەرەسەندنێکی مەترسیداردایە. دوای هێرشی گرووپە چەکدارەکانی جۆلانی بۆ سەر گەڕەکە کوردییەکانی حەلەب، لە ئێستادا بە دەیان تانک و تۆپ و هەزاران چەکدارەوە، بە چاودێری و پشتیوانی تورکیا، هاتوونەتە سنووری ناوچەکانی دێرحافر و مەسکەنە. ئەو ناوچانەیان وەک “زۆنی سەربازیی” ڕاگەیاندووە و داوایان لە هەسەدە کردووە پاشەکشە بکات بۆ ڕۆژهەڵاتی فورات؛ بۆیە بە دڵنیایی، لە چەند کاتژمێر یان یەک دوو ڕۆژێکی ئایندەدا، چەتە و بەکرێگیراوەکان دەست بە هێرش دەکەن و ناوچەکە شەڕێکی سەخت بەخۆیەوە دەبینێت.

ئەم هێرشانەی دیمەشق، ڕێک دوای ئەو ڕێککەوتنامەیە دێت کە لەگەڵ ئیسرائیل ئەنجامیان داوە و تێیدا سێ پارێزگایان خستە ژێر چاودێری ئیسرائیلەوە. بە دڵنیاییەوە، لە پشت پەردەی ئەم ڕێککەوتنامەیەوە، پیلانگێڕییەکی گەورەی تورکیا و سووریا لەسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە هەیە؛ بەتایبەت ئەو ناوچانەی دەکەونە ڕۆژئاوای فوراتەوە کە کراونەتە قوربانی گۆڕینەوەیەکی سیاسی، لەولاشەوە کێڵگە نەوتییەکانی دێرحافر ببەخشرێتە ئەمریکا بۆ چاوپۆشیکردنی.

بۆیە لە ئێستادا، گرووپە چەکدارەکانی سووریا و بەکرێگیراوەکانی تورکیا، بە بیانووی ئەوەی هاوپەیمانان بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕۆژهەڵاتی ڕووباری فورات جێگیرن و دێرحافر و مەسکەنە وەک ناوچەی دابڕاو لە پشتیوانی ڕاسته‌وخۆ ئەژمار دەکرێن، دەیانەوێت پیلانگێڕییەکەی تورکیا لەسەر ڕۆژئاوا جێبەجێ بکەن و هێرش بکەن.

بۆ زانیاری؛ لە کاتی شەڕی داعشدا، ڕووباری فورات وەک سنوورێکی نافەرمی لە نێوان ئەمریکا و ڕووسیا دانرا. ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی فورات بریتین لە حەسەکە، بەشێک لە قامیشلۆ، ڕەقە، دێرزوور (بەشی جزیرە)، کۆبانێ، دێرک و شەدادێ و چەند شوێنێکی تر، لەناویشدا ئەم ناوچانە وەک (هێڵی سوور) دەبینرێن و هاوپەیمانان لە ڕێگەی بنکە سەربازییەکانی وەک (ڕمێلان و تەل بەیدەر) و (کێڵگەی نەوتی عومەر و کیڵگەی گازی کۆنیکۆ) چاودێرییان دەکەن.

لە ئێستاشدا، تورکیا و سووریا دەیانەوێت هەمان هێڵ بکەنە هێڵێکی جیاکەرەوە و دەست بەسەر ئەو ناوچانەدا بگرنەوە کە لە دەرەوەی ئەم هێڵەدان. بەڵام ڕاستییەکەی، دوای ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، چوونی هەسەدە بۆ دێرحافر، گۆڕانکاری زۆر بەسەر ئەو هێڵە نافەرمییەدا هاتووە. لە ئێستادا، سنووری پارێزگاری هاوپەیمانی نێودەوڵەتی هەموو ئەو شوێنانە دەگرێتەوە کە هەڕەشەی داعشیان لەسەر بێت. هەسەدە هیچ پێشرەویی و هەنگاوێکی بەبێ ڕەزامەندی یان ئاگاداری ئەمریکا و هێزە نێودەوڵەتییەکان نەناوە؛ ئەو دوو ناوچەیەی ئێستاش کە تورکیا و سووریا دەیانەوێت هێرشی بکەنە سەر، ئەگەر هەسەدەی لێ نەبێت پڕ دەبنەوە لە داعش. بۆیە ئەو بیانووەی دەیانەوێت هێزەکانی هەسەدەی پێ دەربکەن ڕاستی تێدا نییە؛ ئەو ناوچانە بە خوێن گیراون و هەسەدەش بە خوێن بەرگرییان لێ دەکات.

تێکچوونی دۆخی ڕۆژئاوا و ئەو هەڕەشە و هێز کۆکردنەوەیە، لە دوای هێرشی سەر (شێخ مەقسوود و ئەشرەفیە) لە حەلەب چاوەڕێکراو بوو، چونکە لای هەمووان ڕوونە تورکیا و گرووپە چەکدارەکان ماوەیەکی زۆرە پیلانڕێژی بۆ هێرشێکی بەرفراوان بۆ سەر ڕۆژئاوا دەکەن. ئەم ئاڵۆزییانەش بەستراوەتەوە بە هەڵوێستی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، چونکە بێدەنگی هێزە جیهانییەکان نەک تەنها سووریا، بەڵکو سەقامگیری تەواوی ناوچەکە تێکدەدات. بەتایبەتیش ئەگەر هاوپەیمانان ڕێگریی لە فڕۆکە و درۆنەکانی تورکیا نەکەن، ناوچەکە دەبێتە گۆڕەپانی شەڕێکی خوێناوی کە زیانی گەورە بە خەڵکی سڤیل دەگەیەنێت.

کوردیش لەم دۆخەدا تەنها لە بەرامبەر یەک بژاردەدایە: بەرگریی و شەڕێکی سەخت، چونکە هەسەدە هێزێکی تەواو تۆکمەیە و توانای تێکشاندنی پلانەکانی هەیە. بەڵام لەوە گرنگتر، پێویستە دەست بە یەکێتیی نەتەوەییەوە بگیرێت و فشار لە ڕای گشتی نێودەوڵەتی بکرێت کە چاوی لە ئاست ئەم هێرشانە داخستووە. دەبێت لە ڕێگەی میدیای نێودەوڵەتییەوە وەحشییەتی ئەم چەتانە بۆ جیهان بڵاوبکرێتەوە. مێژوو هەمیشە دەنووسێتەوە کێ بووە دەنگی ڕەسەنی گەل و کێ بووەتە بەرەی داگیرکەر. تەنها بەرگریی و یەکڕیزیی ناوخۆیی، دیپلۆماسییەکی بەهێز و بازووی شەڕڤانان گرەنتی مانەوەمانە.


;