وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە وەڵامێکدا بۆ سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عیراق رایدەگەیەنێت، هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی دەروازەکانی عیراق گەندەڵی و قاچاخچێتییە نەک هەرێم، جەختیش دەکاتەوە کە نابێت شکستی خۆیان بە موچەی فەرمانبەرانی هەرێم دابپۆشن.
لە روونکردنەوەیەکدا وەزارەتی دارایی ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی 11ـی ئەم مانگە عومەر وائیلی، سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عیراق لە پەرلەمان "بەبێ ئامادەبوونی نوێنەری حکومەتی هەرێم" هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی خستووەتە ئەستۆی هەرێم، کە ئەمە دوورە لە راستییەوە.
وەزارەتی دارایی چەند خاڵێکی وەک هۆکاری کەمبوونەوەی داهاتی دەروازەکانی عیراق خستووەتەڕوو، لەوانە: "گەندەڵیی ئیداری، دەست تێکەڵکردن لەگەڵ قاچاخچییەکان، گەندەڵی لە پشکنینی بارهەڵگرەکان و نەبوونی بەرنامە بۆ زیادکردنی باج". هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە کە زیادبوونی جموجوڵی بازرگانی لە دەروازەکانی عیراق لە ساڵی رابردوودا بەڕێژەی %100 پێچەوانەی قسەکانی ئێستای سەرۆکی دەستەکەیە.
سەبارەت بە تۆمەتی هێنانی کاڵای قەدەغەکراو لە هەرێمەوە، وەزارەتەکە رەتیدەکاتەوە و دەڵێت: "بەپێچەوانەوە، زۆر کاڵا کە لە هەرێم قەدەغەن، لە دەروازەکانی عیراقەوە بە قاچاخ دەهێنرێنە هەرێم".
وەزارەتی دارایی دووپاتیکردووەتەوە کە چەندین جار ئامادەییان نیشانداوە بۆ یەکخستنی پێناسی گومرگی، بەڵام حکومەتی عیراق "جدی نەبوون". هەروەها رەخنەی لە دانانی خاڵی گومرگی لە نێوان شارەکان گرتووە و بە "سەرچاوەی گەندەڵی و بەرتیل" ناوی بردوون.
لە بەشێکی دیکەی روونکردنەوەکەدا هاتووە، باسکردنی موچە و نەوت لەلایەن سەرۆکی دەستەکەوە "چەواشەکارییە" و دەڵێت: "دەوڵەتی عیراق لەسەر نەوتی کەرکوک دامەزراوە کە نەوتی کوردستانە، کاتێک عیراق لەسەر نەوتی کوردستان دەژیا، نەوتی بەسرە بوونی نەبوو، ئێستا کێ قەرزاری کێیە؟".
وەزارەتی دارایی باسی لەوەشکردووە، لە 12 ساڵی رابردوودا عیراق فشارێکی زۆری خستووەتە سەر مووچەخۆرانی 33 ترلیۆنی ناردووە".
لە کۆتاییدا وەزارەتی دارایی ئامادەیی خۆی بۆ سەلماندنی راستییەکان دەربڕیوە و هۆشداریداوە لەوەی مافی خۆیانە رێکاری یاسایی دژی هەر کەسێک بگرنەبەر کە تۆمەتباریان بکات.
