ستیڤ ویتکۆڤ، نوێنەری تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە فەرمی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمی پلانی ئاشتی بۆ کەرتی غەززە ڕاگەیاند، کە لە ٢٠ خاڵ پێکهاتووە و لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکاوە داڕێژراوە.
ویتکۆڤ لە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی (X) ئاماژەی بەوە کرد، کە قۆناغی یەکەمی پلانەکە بە سەرکەوتوویی کۆتایی هاتووە و ئێستا دەست بە جێبەجێکردنی قۆناغی دووەم دەکرێت. بە گوتەی ناوبراو، ئەم قۆناغە نوێیە لەسەر سێ بنەمای سەرەکی کار دەکات کە بریتین لە: چەکداماڵین، پێکهێنانی حکومەتێکی تێکنۆکراتی بۆ بەڕێوەبردنی غەززە، و دەستپێکردنی پڕۆسەی سەرلەنوێ بونیادنانەوەی ناوچەکە.
نوێنەری تایبەتی ئەمریکا ڕایگەیاند، پڕۆسەی چەکداماڵین گشتگیر دەبێت و سەرجەم ئەو کەس و لایەنانە دەگرێتەوە کە چەکی نایاساییان هەڵگرتووە. هەروەها جەختی کردەوە کە واشنتن چاوەڕوانە بزووتنەوەی حەماس بە تەواوی پابەندی بەڵێنەکانی بێت بۆ ئەوەی پڕۆسەکە بەبێ گرفت بەڕێوە بچێت.
لە کۆتایی بەیاننامەکەیدا، ستیڤ ویتکۆڤ سوپاسی هەریەکە لە وڵاتانی تورکیا، قەتەر و میسری کرد بۆ ئەو ڕۆڵە گرنگەی گێڕاویانە لە هاوکاریکردنی ڕەوتی ئاگربەست و سەرخستنی هەوڵەکان بۆ چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا.
